کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان

15:44 - 30 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای پشتیوانی خۆی لە ویستە ڕەواکانی مانگرتووانی کوردستان، داوایان لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کردووە دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووان بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

پشتیوانی لە مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی شارە سنوورییەکان دەکەین!


ماوەی چەند ڕۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی داخرانی سنوورەکان، درێژەی هەیە. ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینە مەدەنییە لە شێوەی کۆبوونەوە لە بەر دەرکی فەرمانداریی شارەکانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سەقز، هەروەها لە شێوەی ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ و کۆبوونەوە لە دەوری ئەو سفرەیە خۆی نواندووە. ئەم حەرەکەتە مەدەنییانە شارەکانی سەردەشت و پیرانشاریشی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێ بۆ شارەکانی دیکەش پەل بهاوێ و هەروا درێژەی هەبێ.

ئاشکرایە کە ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی زەحمەتکێشی شار و ناوچە سنوورییەکان لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە دابین دەبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی بەربەرەکانی لەگەڵ هاتنی کەلوپەلی قاچاخدا، ساڵ بە ساڵ توندوتیژی و تاوان و سەختگیریی دژی کۆڵبەران زیاتر کردووە.

سەرەڕای کوشتن و بریندارکردنی سەدان کۆڵبەر و دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیان و لەنێوبردنی وڵاغی بارییان، بەردەوام هەوڵی پەکخستن و نەهێشتنی ئەم تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار و دەسکورتی ئەو ناوچانەی داوە. بە تازەییش وێڕای داخستنەوەی سەر لە نوێی سنوورە کۆڵبەرییەکان، یاسا گومرۆکییەکانی لە زیانی هاوردەکاران و فرۆشەران گۆڕیوە و بەم جۆرە جارێکی دیکە ژیان و بەڕێوەچوونی ئەو خەڵکەی خستووەتەوە مەترسی. راستییەک کە ئەوەندەی دیکە تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی ئەو ناوچانەی لێ کەوتووەتەوە ئەوەیە کە کاربەدەستان، هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئابوورییان بۆ ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵکە نییە کە کۆڵبەری و هێنان و فرۆشتنی کەلوپەل لە سنوورەکانیان لێ قەدەغە کردوون.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکا. نیشاندانی سفرەی بەتاڵ و دەنگهەڵبڕین دژی ئەو هەمووە تاوان و قەدەغە و قۆڕغە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بۆ پەکخستنی سەرچاوەی ژیانی زەحمەتکێشترین بەشەکانی خەڵک بەڕێوەیان دەبا، سەرەتاییترین مافی ئەو خەڵکەیە.

ئێمە لە کاتێکدا سڵاو بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی کۆڵنەدەرانەی مانگرتووان دەنێرین، داوا لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بکەن. پاشەکشەی کاربەدەستان و ملدانیان بۆ داخوازە ڕەواکانی مانگرتووان و ناڕازییان، لە گرەوی درێژەی ئەو حەرەکەتە و پشتیوانیی خەڵکی شارەکانی دیکە لە مانگرتنی شارە سنوورییەکاندایە.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٠١٨/٤/١٨
١٣٩٧/١/٢٩