کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە دانیشتنی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان

15:51 - 30 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هەڤدەیەمین دانیشتنی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر خەڵکی خۆجێیی کە یەکێکە لە دانیشتنە سەرەکییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کێشەی کەمینەکان و مافەکانیان دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئارش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بەشداری ئەم دانیشتنە بوو و تێیدا لەگەڵ چەند کەسایەتی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ کۆ بوویەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم دانیشتنانەدا چاوی کەوت بە رۆبێرتۆ بورێرۆ راوێژکاری نەتەوە یەکگرتوەکان و مامۆستای زانکۆی ئەیالەتی نیۆیۆرک. لەم چاوپێکەوتنەدا وێڕای هێنانە ئارای باسی کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران، بورێرۆ وتی کە دانیشتنی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە فورمولە کردن و باس کردنی کێشەکانی ئێوە بە کەڵک وەرگرتن لە زمانێک و ئەدەبیاتێک کە ئەم رێکخراوەیە لەگەڵی ئاشنایە و بە فەرمی دەیناسێت.

هەروەها ئارش ساڵح نوێنەری حدکا لەگەڵ مورس کواگاس نێردراوی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە بەشی کەمینەکان و خەڵکی خۆجێیی کۆبوویەوە؛ لەم دانیشتنەدا ئارش ساڵح ڕایگەیاند: کێشەی وڵاتانی وەک کۆماری ئیسلامی نەبوونی یاسای پێوەندیداری نێونەتەوەیی نییە بەڵکوو ئێران تەنانەت یاساکانی خۆشی لەم پێوەندییەدا بەڕێوە نابات. ئارش ساڵح هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی لەوانەیە پەیمانە نێونەتەوەییەکان واژۆ بکات بەڵام پیشانی داوە کە هیچکام لە تەعەهوداتی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پەیمانانە بەڕێوە نابات.

لە یەکێکی تر لە دانیشتنەکانیدا ئارش ساڵح نوێنەری حدکا لەگەڵ گراتسیا بۆرینی بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی کۆنسێرسیۆمی ئای‌سی‌سی‌ئەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆبوویەوە. لەم کۆبوونەوەدا گراتسیا بورینی وتی کە مافی چارەی خۆنووسین پێش لە هەرشتێک پێوەندی بەوەوە هەیە کە هەر نەتەوەیەک پیشان بدات شایستگی بەدەست خستنی ئەو مافەی هەیە و دامەزراوەی پێویستی بۆ ئەو مەبەستە هەیە و گەلی کورد یەکێک لەو گەلانەیە کە ئەو ئیرادەی لە خۆی نیشان داوە.

ئەم دانیشتنەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تەنیا دانیشتنێکە کە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەتوانن تێیدا بەشدار بن و باسی خۆیان بکەن، دەتوانرێت هەلێکی زۆر باش بێت بۆ کردنەوەی بابەتەکانی ئێمە لە چوارچێوەی زمانێکی حقوقی و پەسەندکراوی رێکخراوی نەتەوە یەگرتوەکان هەر بۆیە دەوڵەتە نادێموکراتیکەکان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە نوێنەرانی ئەم گەلانە نەتوانن بگەن بەو شوێنانە.