کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی فەرماندەی هێزی بێستوون ماڵاوایی لە ژیان کرد

16:38 - 31 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: دایکی شەهید شاپوور فیرووزی، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، دایە وەجیهە خەمسە فیرووزی، دایکی شەهیدی فەرماندە شەهید شاپوور فیرووزی فەرماندەری هێزی بێستوون بەهۆی پیری و نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

شەهید شاپوور جیا لە فەرماندەی هێزی بێستوون، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بوو.

دایه وەجیه، ژنێکی دڵسۆز ونیشتمانپەروەر و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو و تەرمی ناوبرا لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

شەهید شاپوور ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٧١ی هەتاوی لە قەڵاسەیدەی ڕانیە سەر بە باشووری کوردستان تێرۆر کرا.

شەهید شاپوور فەرماندەی، هێزی بێستوون بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ٥٩ لاوی مەهابادی، کە ئەو کات هێزی بێستون لەژێر فەرماندەیی ناوبراو بوو، ٥٩ عەمەلیاتی لە شارەکانی سنە، کامیاران، کرماشان و ڕوانسەر بەڕێوە برد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی دایە وەجیهە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.