کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر دوابارودۆخی ژیان لە ئێران

16:43 - 1 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژەی قووڵبوونەوەی کێشەکانی ژیان و باری گوزەران لە کوردستان هەر ڕۆژ زیاتر دەبێتەوە.

بەوتەی یەکێک لە چالاکانی سیاسی کە هاوکات چاودێری بازاڕیشە، هەرچەند وەزعی ناوخۆی ئێران نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە کە نیزامی بوروکراسی ئیداری و حکومەتی فەشەلی هێنابێت بەڵام لەوانەیە هەڵە نەبێت ئەگەر بڵێم وەزعی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەر مانگ جارێک هەنگاوێک بەرەو خراپتر دەڕوات و پێویستە هەمووان ئاگاداری ئەو پلە پلە ڕۆچوونەی ئێران بەرەو وێرانی ببن.

دۆخی ئاماژەبۆکراو بە چەشنێکە کە تەنانەت ئەمڕۆ و پازدە ڕۆژ لەمەو پێش جیاوازییان هەیە؛ بۆ نموونە ئێستا ئەگەر تەنانەت سنوورەکانیش بکرێنەوە و بە نرخێکی گونجاو گومرۆکی کەلوپەلیش بکرێت ناتوانێت کاریگەرییەکی ئیجابی ئەوتۆی لە سەر بازاڕی کوردستانی ڕۆژهەڵات ببێت، یانی ئەگەر تەواوی ئەوانەش بکرێت هێشتا بازاڕ نابێتەوە بازاڕی خەرمانانی ڕابردوو.

ئاستی هەژاری لە نێو خەلکی کوردستان بەچەشنێکە کە بێ هیچ زێدەبێژییەک دەتوانم بڵێم بنەماڵە هەیە مانگی جارێک گۆشتی سوور ناخوات! بۆوینە لە ڕەوتی مانگرتنەکان لە شاری سەقز کابرایەکی کرێکار و گاریە بەدەستی ڕیش سپی پڕ بە گەروو هاواری کردبوو کە سێ مانگە لە ماڵی خۆمدا ڕەنگی گۆشتم نەدیوە! ئەمە نموونەیەکە لەو تراژێدیایە.

لەلایەکی دیکەوە دەین و قەرزی خەڵک بە بانک و ئۆرگانە دەوڵەتییەکانە کە زۆر بە کەمی دەدرێتەوە یان لە کاتی خۆیدا نادرێتەوە وەک وامەکان، جەریمەکان، عەوارزی شارەداری، قیستی ماشین و هتد. بەوتەی ئەم کارناسە لەم چوار پێنج مانگەی ڕابردوودا ڕێژەی خزمەتگوزاری حکومەتی چ لە شارەداری و ڕێگاوبان و ئاموزش و پەروەرش و هتد زۆر کەم بووەتەوە و ئێستاش کەمترە لە جاران.

جیا لە هەموو ئەمانە ئۆرگانە حکومەتییەکان لە نێو خۆیاندا کرمۆڵن بۆ نمونە لە دوو سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٨٠ کەس لە ئەندامانی سپا دراون بە دادسەرای نیزامی کە بەشی هەرە زۆریان لە سەر دزی و تاوانگەلێک بووە کە قەیرانی ئابووری هۆکارە سەرەکییەکەی بووە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بوونی سیستمی بەربڵاوی ڕشوە و بەرتیلخۆری و فرت و فێڵ کە هەر کەسەو بەجۆریک هەوڵ دەدات یاساکانی ڕێژیم دەور بداتەوە؛ کۆی ئەم باس و بابەتانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستمی بۆرۆکراتێکی ئێران بەرەو هەڵدێر و فەشەل هێنان هەنگاو دەنێت و تێپەڕینی کات زۆر پرس یەکلایی دەکاتەوە.