کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی مانگرتنی بازاڕیان گەیشتە شاری ماکۆ و بازرگانیش

16:53 - 1 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش داخرانی بازاڕە سنوورییەکانی کوردستان، مانگرتنی بازاڕیانی کوردستان ڕووی لە زیادبوونە.

پاش داخرانی بازاڕە سنوورییەکان، مانگرتنێکی سەرتاسەری لە چەندین شاری کوردستان دەستی پێ کردووە و بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی سنوورنشین، سفرەی بەتاڵیان لەسەر شەقامەکان ڕاخستووە.

لە سەرەتادا، بە مانگرتنی بازڕایانی جوانڕۆ و بانەوە دەستی پێ کرد، پاشان شارەکانی مەریوان، سەقز، پیرانشار و مەهابادیش بەم جووڵە مەدەنییە پەیوەست ببوون؛ پاش چەند ڕۆژ لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بازاڕیانی خەڵکی ماکۆ و بازرگانیش دەستیان داوەتە مانگرتنی سەرتاسەری و بە بەستن شەقامی سەرەکییەکان ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی ماکۆ و بازرگان، بە هۆی گرانبوونی پیتاکی چوونەدەرەوە لە سنوورەکان بووە، کە لە ناکاودا لە گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵدا چوار قات بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەم گەڵاڵەیە کە دە ڕۆژ پێش پەسەند کراوە، موسافرەکان لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێراندا، دەبێت بۆ یەکەمجار ٢٢٠ هەزار تمەن، دووهەمجار ٣٣٠ هەزار تمەن و بۆ سێهەمین جار ٤٤٠ هەزار تمەن بدەن، کە ئەم نرخە لە سەرەتادا ٧٥ هەزار تمەن بووە.

بەرزبوونەوەی پیتاکی چوونەدەرەوە لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە حاڵێکدایە، کە تەنیا سەرچاوەی داهات و ڕێگای بژیوی ژیانی ئەم ناوچانە کاری کۆڵبەری و هاوردەکردنی شتومەک لە سنوورەکانە، کە بەپێی وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری پیرانشار ـ سەردەشت نزیک بە ٧٠ هەزار هەتا ٨٠ هەزار کۆڵبەر بە هۆی داخرانی سنوورەکان بێکار بوون.