کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕیزی ئەسڵیی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دایه

23:24 - 1 بانەمەڕ 2718

كوردستان میدیا: وەزارەتی كاروباری دەرەوەی ئامریكا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا نیسبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتی جیهان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووە و ڕێژیمی ئێرانی لە ڕیزی ئەسڵیی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ ئەژمار کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بڵاوی کردووەتە کە ڕێژیمی له ڕیزی ئەسڵیی پێشێلکارانی مافی مرۆڤ دایه و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەرەو خراپتر بوون ڕۆیشتووە.

لەو ڕاپۆرتە ٤٨ لاپەرەییەدا هاتووە، خامنەیی دەسەڵاتی تەواوی به سەر دەزگای قەزایی، میدیاکانی ڕێژیم و هێزە چەکدارەکاندا هەیە و ئەو ڕێژیمە بە شێوەی جۆراجۆر و بەردەوام مافی مرۆڤ پێشێل دەکات.

لەو راپۆرتەدا باس لەوە کراوە، بەپێی بەڵگەکان مەئموورانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەی ئەنقەست خەڵک دەکوژن یا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەسانی دەسبەسەرکراو لە زیندانەکاندا بە زۆر دانپێدانیان پێ دەکرێت و دۆسیەسازیان بۆ دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بەشێکی زۆر لە ئێعدامەکان لەبەرچاوی خەڵک ئەنجام دەدرێت ئەوەش خۆی پەرەپێدان بە زەبر و زەنگ و سەرکوتەکانه.

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠١٧ زایینی بڵاوی کردبووە، گرینگترین كێشەكان لە بواری مافی مرۆڤ لە ئێراندا سنوورداربوونی ئازادییە مەدەنییەكانی وەک ئازادیی دەربڕین، كۆبوونەوە، ئایین و ڕاگەیاندنەكانن و هەروەها ڕەخنەشی لە هەڵسوكەوتی ڕێژێمی ئێران بەرانبەر بە نەتەوە ستەملێكراوەكان، ژنان و كەمینە ئایینییەكان گرتبوو.