کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی ئەشکەوتی سەهۆڵان لە لایەن مۆرەکانی ڕێژیمەوە تاڵان دەکرێت

16:15 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرجەم داهاتی ئەشکەوتی سەهۆڵانی شاری مەهاباد لە لایەن چەند کەسێکی دەست نیشانکراوی ڕێژیمەوە تاڵان دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرەڕای ئەوەیکە بڕیار وابوو داهاتی گەشتیاری ئەشکەوتی سەهۆڵان بۆ خەڵکی ئەم ناوچە و ئاسانکاری بۆ گەشتیاران سەرف بکرێت، ئەم داهاتە لە لایەن چەند مۆرەیەکی دەست نیشانکراوی ڕێژیمی ئێرانەوە دەدزرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ئاشکرای کردووە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەشکەوتی سەهۆڵانی شاری مەهاباد دەکەن و ئەو پارەیەی کە لە گەشتیاران وەردەگیرێت بۆ خزمەتگوزاری بە خەڵکی ناوچەکە خەرج ناکرێت و داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکی دیاریکراوی سەر بە ڕێژیم.

هەواڵنێری کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە کە ئەم کەسانە نەتەنیا بە دوای خزمەتگوزاری بۆ خەڵک نین بەڵکوو تەنیا لە بیری بەرژەوەندی خۆیاندان و ئێستاش ئەشکەوتی سەهۆڵان لەژێر چاودێریی فەرمانداری مەهاباددایە و داهاتی ئەو شکەوتەکە لە لایەن ئەو چەند کەسەی سەر بە ڕێژیمەوە دەخورێت.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە پێرسۆنێلەکانی ئەشکەوتی سەهۆڵان سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانن.

ئەشکەوتی سەھۆڵان، یەکێک لە ئەشکەوتە ئاوییە بەناوبانگەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە لە شاری مەھاباد ھەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە لە ٤٣ کیلۆمیتری ڕۆژھەڵاتی شارستانی مەھاباد و لە نێوان ڕێگای مەھاباد و بۆکاندا ھەڵکەوتووە.