کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەمەن: شکستمان بە پیلانەکانی ئێران هێناوە

16:18 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری یەمەن ڕایگەیاندووە شکستمان بە پیلانی ئێران بۆ کۆنترۆڵ کردنی هەموو یەمەن هێناوە.

ژنراڵ عەلی مۆحسێن ئەحمەر، جێگری سەرکۆماری یەمەن سەبارەت بە دواڕەوشی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە: ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ کۆتایی هێنان بە حووسیەکانی سەر بە ئێران و شکستپێهێنانی پیلانەکانی ریژیمی تاران گرینگ و کاریگەر بوون.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هاتاوی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی فەرماندەیی ئەرتەشی یەمەن و هێزەکانی هاوپەیمانیەتی عەرەبیدا، رایگەیاندووە کە ئەرتەشی یەمەن بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانیەتی عەرەبی توانیویانە شکست بە گەڵاڵەی کوودەتای حووسییەکان و زاڵبوونی تاران بەسەر یەمەن بهێنن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە زاڵ بوونی حوسییەکان بەسەر یەمەن، نەتەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مەترسییەکی گەورەیە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی زۆر جیددیشە بۆ سەر هێمنی و تەناهی هەموو جیهان.

ئەحمەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەوڵەتی یەمەن و هێزەکانی هاوپەیمانیەتی عەرەبی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئێران و ئەلقاعیدە کۆتا نایەن و تا شکستی راستەقینەی تیرۆریستان لە یەمەن بەردەوام دەبن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئەلعەرەبیە، ئەحمەد بن دەغر، سەرۆکوەزیرانی یەمەنیش لەو پێوەندییەدا باسی لەوە کردبوو کە حوسیەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران زۆر لاواز بوون و توانایی شەڕکردنیان کەم بووەتەوە و هیچ داهاتوویەکیان نییە.