کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥٠ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازیی ئەهواز، هەنووکەش بەبێ چارەنووس لە زیندان ماونەتەوە

16:20 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: چارەنووسی هاووڵاتییانی شاری ئەهواز، کە لە سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە هۆی بێڕێزی بە بنەما نەتەوەیییەکانیان هاتبوونە سەر شەقام، هێشتا ناڕوونە.

نوێنەری شاری ئەهواز لە مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە نزیک بە ١٥٠ هاووڵاتیی ئەهوازی لە گرتووخانەکاندا بەبێ چارەنووس ماونەتەوە و خوازیاری ئازادکردنیان بووە.

کازم نەسەبئەلباجی، باسی لەوە کردووە، کە ئەم ناڕەزایەتییانە لە کەشێکی ئاشتییانە و کونتڕۆڵکراو بەڕێوە چووە.

ئەم ناڕەزایەتییانە کە بە هۆی بێڕێزی کردن بە هەستی نەتەوەییی هاووڵاتییانی عەرەب لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی سەریان هەڵدابوو، هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی توندئاژۆوانە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە هەوڵی سەرکوتی درا.

لەم پێوەندییەدا چەندین جار بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان، لە بەردەم پارێزگاریی ئەهواز و نووسینەگەی نوێنەری ئەم شارە لە مەجلیسی ڕێژیم کۆ بوونەتەوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی زۆربەیان ناڕوونە.