کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵی ٩٧، دژوارترین ساڵی ئێرانه بۆ دابینکردنی ئاو

17:36 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی کەمئاوی لە ئێراندا ئەمساڵ خەڵک تووشی کێشەی جیددی دەکات.

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی ڕێژیم لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پایەبەرزی دەوڵەتی ڕۆحانی ئامارێکی لە دۆخی ئاو لە ئێراندا بڵاو کردەوە کە بەپێی ئەو ئامارە نیوەی حەشیمەتی ئێران ساڵێکی کەم ئاو و دژواریان لەپێشدایه بە شێوەیەک کە هەندێک لە شارەکان لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە ئیتر ئاوی خواردنەویان نابێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە وشکەساڵی درێژماوە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، ئەمساڵی بە دژوارترین ساڵ بۆ دابینکردنی ئاو لە ئێراندا وەسف کردووه بە شێوەیەک کە نێونجی ١٠ ساڵ بارین لە ئێراندا لە ٢٥٠ بۆ ٢١٧ دابەزیوە و ٣٣٤ شاری ئێران بە حەشیمەتێکی زیاتر لە ٣٥ میلیۆن کەس تووشی کێشەی بێ ئاوی دەبن.

ئەردەکانیان وەزیری وزەی ڕێژیم هەر لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر شێوازی مەسرەفی ئاو نەگۆڕدرێت لەگەڵ کێشەی نەبوونی بەرق و جیرەبەندیی ئاویش بەرەوڕوو دەبین.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کەم ئاوی گەورەترین قەیرانی ئێران بۆ ئەمساڵ دەبێت.