کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣ میلیون و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە ئێران لە خوێندن بێبەشن

22:21 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەژاری، هۆکاری سەرەکی نەخوێندن و وازهێنان لە خوێندنی منداڵانی قۆناخی سەرەتایی لە ئێرانە.

سەبارەت بە ڕێژەی منداڵانی بێبەش لە خوێندن، ڕێژیمی ئێران ئامارێکی ڕوون بڵاو ناکاتەوە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی وزارەتی پەروەردە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم، زیاتر لە ٣ میلیون و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە ئێران، ناتوانن دەست بە خوێندنی سەرەتایی بکەن.

لە ئامارێکی دیکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەکان، هاتووە کە ١٣٤ هەزار منداڵ لە سەرانسەری ئێران، هەر لە دەورەی سەرەتایی وازیان لە خوێندن هێناوە، بنەماڵەکانی ئەو منداڵانە بە پەیوەندی گرتن بە قوتابخانەکان، ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی هەژاری ناتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ قوتابخانە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو ئامارە پاش پەیوەندی گرتنی بنەماڵەی ئەو منداڵانە ئاشکرا بووە و منداڵانی بێبەش لە خوێندن لەو ناوچانە دەژین کە هەژاری تێیدا شەپۆلان دەدات هەربۆیە، زۆربەیان ناتوانن پەیوەندی بگرن؛ وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیمیش بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە ناکات و نەیتوانیوە هۆکاری وازهێنانی ئەم منداڵانە ڕوون بکاتەوە.

لەمبارەوە ئەحمەد میدری، جێگری وەزارەتی خۆشبژیوی رایگەیاندووە: بە هۆی لەبەر دەست نەبوونی ژمارەی تەلەفۆن بۆ پەیوەندی گرتن و نەزانینی شوێنی نیشتەجێ بوونی منداڵەکان، چارەنووسی زۆربەی ئەو منداڵانەی کە وازیان لە خوێندن هیناوە نادیارە.
هەژاری، سەرەکی‌ترین هۆکاری وازهێنان و نەخوێندەواری زۆربەی منداڵانە و بە هۆی سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕێژیمی ئیران، زۆربەی نەخوێندەواران لە نەتەوەکانی بەلوچ ،عەرەب و کوردن و هێشتا بە ڕێژەی پێوست بە نیسبەتی حەشیمەتی ئەو ناوچانە قوتابخانە ساز نەکراوە.