کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مامۆستایانی ئایینی ‌کوردستان

18:26 - 2 بانەمەڕ 2718

پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مامۆستایانی ئایینی ‌کوردستان

کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران واتە کۆنگرەی‌ "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" سڵاوێکی گەرم ‌و شۆڕشگێڕانە پێشکەش بە‌ئێوە مامۆستایانی ئایینی، کەسایەتییە ئایینییەکان، پیڕەوانی ئایینزاکان و کەمینە ئایینییەکانی کوردستان دەکات.

بەڕیزان؛ کۆنگرەی ''ڕاسانی ڕۆژهەڵات'' لە هەلومەرجێکدا گیرا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەیە لە کاروباری وڵاتانی دراوسێدا و بۆتە سەرچاوەی پشێوی و نیگەرانی بۆ ناوچەکە، لەنێوخۆی وڵاتیشدا بەردەوامە لە سەرکوت و پەرەدان بە توندوتیژییەکانی دژ بە جیابیران و ئازادیخوازان. ئامارەکان نیشان دەدەن کە ڕێژەی زیندانیکردن، لەسێدارەدان، هەڵاواردنەکان، کوشتنی کۆڵبەران و تیرۆرەکان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زیاتر بووە. لەگەڵ ئەوەشدا کە کەشێکی تەواو ئەمنیەتی و سەربازی لە سەرجەم ناوچەکانی ئێراندا بەگشتی و لە کوردستاندا بەتایبەتی زاڵە، کولتوور و زمانی نەتەوکانی دیکەی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد لەبەردەم هەڕەشەی لەنێوچوون و سڕینەوەدانە. 

هاوکات باروودۆخی ئابووریی وڵات لەوپەڕی داکشاندایە و کاریگەرییەکەشی ڕۆچۆتە نێو کۆمەڵگا و چەندان دیاردەی نەخوازراو و دزێوی بەسەردا سەپاندووە. لە وەها هەلومەرجێکدایە کە پێشەنگانی خەباتی ڕزگاریخوازی و دێموکراسیخوازی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەیان دەکەنە بەستێنێک بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی پلانی تۆکمەتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆر و دواکەوتووە.

بەڕێزان: مامۆستایانی ئایینی، کەسایەتییە ئایینییەکان و پێڕەوانی ئایینزا و کەمینە ئایینییەکان!

لە چل ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەموومان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەین کە ئەو ڕێژیمە بەکەڵکوەرگرتن لە ناوی ئایینی ئیسلام چۆن سیاسەتە چەپەڵ و چەوتەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند و پێچەوانەی یاسا و ڕێسا ئاسمانییەکان، ئازادی و مافی کەمینە ئایینییەکان چۆن پێشێل کراون و مامۆستایانی ئایینی جیابیر و کەسایەتییە ئایینییەکان بە چ شێوەیەک سنووردار کراون و ڕووبەڕووی زیندان و سووکایەتی بوونەتەوە و بەداخەوە ئەو سیاسەتەش هەروا درێژەی هەیە.

دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییەش بکەین کە زۆربەی مامۆستایانی ئایینی کورد، هەروەک چۆن لە خەبات دژ بە ڕێژیمی پاشایەتیشدا بۆ دابینبوونی مافی نەتەوەییمان ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو، بەهەمان شێوە لە دوای راپەڕینی گەلانی ئێرانیشەوە دەرکیان بە سیاسەتی فێڵاوی و درۆیینی کۆماری ئیسلامی کرد و خۆیان لەڕیزی تێکۆشەرانی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەیاندا بەتایبەتی لە ڕیزی پیشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دیتەوە و بەرگی پیرۆزی خاکیپۆشانیان پۆشی و چەکی بەرگری لە شەرەف و کەرامەتی کوردیان لە شان کرد، کە بەدڵنیاییەوە مێژوو ئەو بەشدارییەی ئەوانی بە بایەخەوە تۆمار کردووە. هەر ئەوەش وایکردووە کە توێژی مامۆستایانی ئایینی زیاتر ببنە جێی ڕێز و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هاوکاتیش ئەرکێکی قورستریان لە چین و توێژەکانی دیکە لە ئاستی خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازیدا بکەوێتە سەرشان.

مامۆستایانی ئایینی بەڕێز، باوەڕدارانی هێژای ئایین و ئایینزاکان!

کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان جارێکی دیکە لەسەر بەرینترکردنەوەی خەباتی جەماوەری و تێکۆشانی هەمەلایەنە و بەشداری سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە خەباتدا بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانمان پێداگری کردەوە و لەو ڕاستایەشدا ڕوو بە ئێوە وەک پێشەنگی باوەڕدارانی ئایینی پەیامی خۆی هەیە و داوا دەکات بە پشتبەستن بە زانست و حیکمەتی خۆتان سیاسەتە چەوت و دژە مرۆڤییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و جیاوازی‌دانان لە نێوان پەیڕەوانی ئایینزاکان لەقاو بدەن و ڕێنوێنی و هۆشیاری بدەن بە خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان بۆ بەردەوامییان لەخەبات بۆ دابینبوونی ئازادی و مافی نەتەوایەتی.

لەکۆتاییدا کۆنگرەی ''ڕاسانی ڕۆژهەڵات'' پشتیوانی و هاوکاری ئێوە لە جوڵانەوەی جەماوەری و ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بەرز دەنرخێنێ و بەڕێزەوە لە هەنگاوەکانتان بۆ سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەمان دەڕوانێت.

هیوای سەرکەوتن و سەربەرزیتان بۆ بە ئاوات دەخوازین

سەرشۆڕی و نەمان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و دوژمنانی خاک و نیشتمان

بە سپاسەوە

کۆنگرەی ''ڕاسانی ڕۆژهەڵات''

٢١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی
١٢ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی