کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەقۆی ئامریکا لەسەر گەردنی بەرجام توندتر دەبێت

16:34 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: وادەی دەستکاری ڕێککەوتنی بەرجام لەم مانگەدا کۆتایی پێ دێت و ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپاش دەبێ بڕیاری یەکلاییکەرەوەی خۆیان بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێ لە ماوەیەکی دیکەدا لەسەر ڕێککەوتنی بەرجام دوایین بڕیاری خۆیان بدەن، کە لەو بارەوە کێشە و لێدوانی ناکۆکییانە لە نێوان وڵاتانی زلهێزدا هەیە.

دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پێشتر دەرفەتی بە کۆنگرەی ئامریکا دابوو، کە دەبێ ڕێکەوتی ١٢ی مەی، بەرانبەر لەگەڵ ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرجام دەستکاری بکرێت و هۆشداری دابوو، ئەگەر بەرجام دەستکاری نەکرێت، ئامریکا یەک لایەنە بەرجام هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە، ئەگەر ئامریکا بەرجام هەڵوەشێنێتەوە، لێکەوتەی خراپی بۆ ئامریکا دەبێت و ئێمە پیتاندنی ئۆرانیۆم دەست پێ دەکەین.

ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕانسە لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، هیچ پلانێکی جێگرەوەی بۆ ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێران نییە و ئامریکا دەبێت لەو ڕێککەوتنەدا بمێنێتەوە، چونکە هیچ بژاردەیەکی باشتر لە ئارادا نییە.

ماکرۆن هەروەها باسی لەوە کردووە، کە دەیەوێت بابەتی مووشەکی بالستیکی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا بخاتە بەر باس.

هاوکات محەممەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، هۆشداری داوە هەوڵەکانی ئامریکا بۆ گۆڕینی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران پەیامێکی مەترسیدار دەنێرێت، کە وڵاتەکان نابێت هەرگیز وتووێژ لەگەڵ واشنتۆندا بکەن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە، سەرکۆماری فەڕانسە ئیمانۆئێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئاڵمان ئەنگێلا مێركل هەوڵ دەدەن، دانڵد ترامپ ڕزای بکەن، بەڵام ئەوە کارێکی بێکەڵکە.

ئامریکا ئیددعا دەکات، کە ڕێژیمی ئێران پێبەند بە ڕێککەوتنی ناوکی نەبووە و لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵی خۆی داوە، دەستی بە چەکی ناوکی بگات و هەروەها ئەو ڕێژیمە تاقیکاریی مووشەکی بالستیکیشی کردووە.

لەو بارەوە سێناتۆر باب کۆرکیر سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکا، باسی لەوە کردووە، ئەگەر بەرجام دەستکاری نەکرێت، ئامریکا لەو ڕێککەوتنەدا نامێنێتەوە.

دانڵدا ترامپ، لە سەرەتای بانگەشەکانی بۆ هەڵبژاردن بەڵێنی دابوو کە ڕێککەوتننامەی بەرجام دەدڕێنێت.

کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن، کە ڕێککەوتنی بەرجام هەر لە سەرەتاوە هیچ ناوەڕۆکی کردەیی نەبووە و تەنیا کاغەزێک بووە کە واژۆ کراوە.