کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەزێنەداری گشتیی ئێران پارەی خەیاڵی ڕادەستی ئۆرگانەکانی سەر بە خامنەیی دەکات

16:48 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە تەنیا ١٤٧ میلیۆن تمەن بە ڕێکخراوی کۆنتڕۆڵی قەیران دراوە، زیاتر لە ٢٢٠ میلیارد تمەن لەلایەن خەزێنەداری گشتیی ئێرانەوە بە دامەزراوەکانی سەر بە خامنەیی دراوە.

وەزارەتی ئابووریی ڕێژیم بۆ یەکەم جار لیستەیەک لە پارە سەرف کراوەکانی خەزێنەداری گشتیی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە: تەنیا لە مانگی خاکەلێوەدا ٢٢٠ میلیارد تمەن ڕادەستی ئیدارەی دەنگ‌وڕەنگ، حەوزەکانی عیلمیە و هەندێک لە دامەزراوەکانی سەر بە ڕێبەریی ڕێژیم کراوە.

لەم خشتەدا هاتووە: تەنیا ئیدارەی دەنگ‌وڕەنگ کە کارە سەرەکییەکەی پەرەدان بە فەرهەنگی جێپەسندی ڕێژیمە لە مانگی خاکەلێوەدا لەژێر ناوی تێچووە حەتمییەکان (سایر هزینه‌های اجتناب‌‌ناپذیر) بڕی ١١٠ میلیارد تمەنی بەرکەوتووە.

هەروەها لەژێر هەمان ناونیشان، شۆرای نیگابان ٥ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن، ناوەندیی خزمەتگوزارییەکانی حەوزەکانی عیلمیە ٦٠ میلیارد تمەن، شۆرای بەڕێوەبەریی حەوزەکان ٢٣ میلیارد، نووسینگەی پڕوپاگەندەی ئیسلامی حەوزەی عیلمیەی قۆم ٩ میلیارد تمەن، ناوەندیی جامعه‌المصطفی العالمیه (فێرکاری فێرخوازانی بیانی) ٨ میلیارد تمەن، شۆرای سیاسەتداڕێژی بەرنوێژانی هەینی ٦٠٠ میلیۆن تمەن و ناوەندیی پێداچوونەوە بە کاروباری مزگەوتەکان ٧٠٠ میلیۆن تمەن پارەیان لە مانگی خاکەلێوەدا وەرگرتووە.

لەلایەکی دیکەشەوە کۆڕی جیهانی اهل بیت و کۆڕی جیهانی لێک ‌نیزیک کردنەوەی مەزهەبە ئیسلامییەکان ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەن، دۆزگری تایبەتی ڕوحانییەت زیاتر لە ٤٥٠ میلیۆن تمەن و دامەزراوەی خومەینی کە مێسباحی یەزدی سەرپەرشتی دەکات، ١ میلیارد و ١٠٠ میلیۆن تمەن لە خەزێنەداریی گشتیی وەردەگرن.

وەک ئاماژەی پێکرا ئەم دەست‌ودڵبازییانەی ڕێژیم بۆ نیهادگەلی بەستراوە و نیزیک لە عەلی خامنەیی و دەزگای ویلایەت لە کاتێکدایە کە ئێران بەدەست کۆمەڵێک قەیرانی چارەسەرنەکراوی وەک ئاو، وشکەساڵی، جاددە و ڕێگەوبان، قەیرانی ژینگە، قەیرانە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەناڵێنێت و تەنیا ١٤٧ میلیۆن تمەن بۆ ڕێکخراوی کۆنتڕۆڵی قەیران دیاری کراوە!

هەروەها ئەو وەزارەتخانە و ڕێکخراو و نیهادانەی کە ئەرکدارن بۆ بارهێنانی نەسڵێکی پسپۆڕ و شارەزا یان کاروباری ئاوەدانکردنەوەی وڵات ئەنجام دەدەن و دەبنە هۆی خۆشبژیوی خەڵک کەمترین پشکیان وەبەر کەوتووە.

دیاریکردن و دانی ئەم پارە خەیاڵییانە کە لە گیرفان و سامانی خەڵک و خاکی ئێرانەوە دابین کراوە تەنانەت نەیتوانیوە ڕێژەی تەماحی ئاخوندەکانی ڕێژیم پڕ بکاتەوە و کەسانێکی وەک کازم سدیقی بەرنوێژی هەینی تاران و ناسر مەکارمی شیرازی داوایان کردووە کە ئەم بڕە پارەیان بۆ زیاد بکەن و تەنانەت داوایان کردووە کە دەوڵەت بودجەیەکی تایبەت بۆ شاری قۆم دیاری بکات!