کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە بوودجەی بێسنوور عێراق و سووریە نۆژەن دەکاتەوە

16:53 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، نۆژەنکردنەوەی عێراق و سووریە بە ئەرکی خۆیان دەزانن!

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە هەروەک لە شەڕی سووریە بەشداری دەکەین و لە بەشار ئەسەد پاڵپشتیمان کردووە، ئامادەین بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو وڵاتە هەموو پێداویستییەکان دابین بکەین و بوودجەی تایبەتمان دیاری کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمیر حاتەمی، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، دوای سەفەر بۆ عێراق لە پرێسکونفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، کە بە ئەرکی خۆمان دەزانین، یارمەتی دەوڵەتی عێراق لە هەموو بواریکەوە بکەین و کاری سەرەتییەکەمان نۆژەنکردنەوی عێراقە.

ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سیاسەتی دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە و پەرەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە تێچووی زۆری کردووە بۆ شەڕ و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕێژیمی ئەسەد و دەوڵەتی عێراق و تەنانەت دەستی بەسەر سیستمی ئابووریی ئەو دوو وڵاتە گرتووە.

ئێستەش سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکی ئێران تووشی قەیرانی ئابووری بوونە و ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی هەژاری لە ئێراندا پەرە دەستێنێت، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، کە نۆژەنکردنەوە و پاڵپشتیی ئابووری لە عێراق و سووریە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.

نموونەیەکی بەرچاوی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم لە هەمبەر خەڵکدا، کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان بوو، کە نزیک بە حەوت مانگە خەڵکی ئەو ناوچانە لە خراپترین بارودۆخ دەژین و هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم، نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانە بە ئەرکی خۆی نازانێت.