کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی شیوعی کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد

16:56 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی شیوعی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانییان کرد و لەو دیدارەدا پرسە هاوبەش و نەتەوەییەکان تاوتوێ کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە مالپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ ٢٢ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی، هەیئەتێکی حیزبی شیوعی کوردستان بە بەسەپەرستیی بەڕێز دوکتور کاوە مەحموود، سکرتێری ئەو حیزبە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانییان کرد و لە لایەن هەیئەتێک بە سەرپەرستیی بەرێز مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزب، پێشوازییان لێ کرا.

لەو دیدار و چاوپێکەوتنە دۆستانەیەدا، هەیئەتی میوان وێڕای پیرۆزبایی گرتنی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکرات، هیوای سەرکەوتنییان بۆ ڕێبەریی نوێی حیزب و بەڕێوەچوونی هەرچی باشتری بڕیارەکانی کۆنگرە خواست.

هەرلەو بارەوە دوکتور کاوە وێڕای پیرۆزبایی، باسێکی لە سەر دۆخی کورد بەگشتی و کوردستانی باشوور و قۆناخی ئێستا لە عێراق و کوردستانی باشوور پێشکەش کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە رووداوەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و رۆڵی هاوپێوەندیی خەباتی هەردوو بەشی کوردستان کرد.

لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، رێزدار مستەفا هیجری، وێڕای بەخێرهاتنی هەیئەتی میوان و سپاس بۆ پیرۆزبایی و سەردانەکەیان، پێداگریی لەسەر دۆستایەتیی دێرینی نێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی شیوعی کوردستان کردەوە و لەسەر رووداوەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و کۆنگرەی حیزبی دێموکرات و خەباتی کورد لە بەشی رۆژهەڵاتدا و مانگرتنەکانی خەڵک و دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و ماڵوێرانییەک کە ئەم رێژیمە تیرۆریستییە بۆ هەموو ناوچەکەی بەرهەمی دێنێ باس کرد.

لە درێژەی دانیشتنەکەدا هەردوو هەیئەت باس و رووداوەکانی کوردستان بە گشتی و رێگای درێژەدان بە کار و تێکۆشانی رزگاریخوازانە و ئازادیخوازانەیان تاوتوێ کرد و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

border=0
حیزبی شیوعی کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد


border=0
حیزبی شیوعی کوردستان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد