کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەڕابەی مەرگی ڕێژیمی ئێران بەردەوام گیان دەستێنێت

23:22 - 3 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی چوار زیندانیی کوردیان جێبەجێ کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، چوار زیندانیی کورد، خەڵکی شارەکانی بۆکان، پیرانشار، ورمێ و شنۆ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کران.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی تەیب شێخ‌زادە، خەڵکی شنۆ، قادر محەممەدحەسەن خەڵکی بۆکان، یەدوڵڵا سەمەدی و ئیسلام ڕەشیدی خەڵکی ورمێ ڕاگەیەندراوە.
ئەو چوار زیندانییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوئ، بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

ئەو چوار زیندانییە ئێعدامکراوە، لە بەندەکانی ٣و٤_١٠_١ و ٢ و هەروەها بەندی ڕەوانیدا و ماوەی ٦ هەتا ١٠ ساڵیشە لە زینداندا بوونه.
ئەو چوار زیندانییە کوردە، بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپابوو.

لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی نزیک بە ٥١٧ حوکمی لەسێدارەدان، لە ١٥ پارێزگای ئێران بەڕێوە چووە، کە ٣١یان لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنە گشتییەکاندا بەڕێوە چوونه.

ئانتۆنیۆ گوتریش، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، هۆشداری جیددی بە کۆمەڵگای جیهانی لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و بێڕەحمانەی دژەمرۆییی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان، زۆربەی ئێعدامەکان، لە پێش چاوی منداڵانەوە بەڕێوە چووە و ئەم کردارەی ڕێژیمی ئێران لە پێش چاوی منداڵان، حاڵەتی شانۆیی بە خۆوە گرتووە.