کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کونگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کەم ئەندامانی شۆڕش

14:53 - 4 بانەمەڕ 2718

پەیامی کونگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆنگرە ڕاسانی ڕۆژهەڵات) بۆ کەم ئەندامانی شۆڕش

لە تریبوونی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سڵاوێکی گەرم بۆ کەم ئەندامانی شۆڕش دەنێرین.

ئاشکرایه کەمئەندامان ئەو بەشە لە تێکۆشەرانی هەرە ئازارچێشتووی جووڵانەوەکەمانن کە بە تێپەڕ بوونی زەمەن، ئازار و زامەکانی شۆڕش لە گەڵ خۆیان هەڵدەگرن، ڕوونە دەسکەوتەکانی جووڵانەوەی ئێستامان بەرهەمی خوێنی شەهید و ناسۆرە ساڕێژ نەبووەکانی ئەوانن.

کەمئەندامانی بەڕێز،کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە هەلومەرجێکی هەستیار و لەژێر هەڕەشە و مەترسی دوژمندا لە ڕۆژانی ١ تا ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی به هەست کردن به بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی کە لە سەر شانیەتی کاروبارەکانی خۆی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد.

ئەو کۆنگرەیە وێڕای باسێکی چڕ لە سەر بابەتە جۆراوجۆرەکانی خەباتی دواڕۆژمان، خۆی بە قەرزداری ئێوە دەزانێ کە چۆن لە پێناو درێژەی خەبات و خۆڕاگریدا بەشێک لە جەستەی خۆتان فیدا کردووە.

خۆڕاگری و ورەبەرزیی ئێوە هۆکاری سەرەکیی بەردەوام بوونی خەباتە ڕەواکەمانە. ئەوەش لە گەیشتن بە ئامانجی بەرزی شەهیدان نزیکمان دەکاتەوە.

لێرەدا بە پێویست دەزانین ئاماژە بە هەبوونی نموونەیەکی حەقیقی بکەین کە ئەویش شەهیدی زیندوو، مامۆستا حەسەنی شیوەسەڵییە کە لەو کۆنگرەیەدا حزووری هەبوو.

بەڕێزی بە ئەندێشەیەکی نوێ لە خزمەت کۆنگرەدا ماندوونەناسانە کاری دەکرد و کۆنگرە تا ئەو ئاستە به هزری ئەو تێکۆشەرە دەوڵەمەند ببوو کە جێگەی شانازیی هەموو بەشداران بوو.

لە ڕاستیدا ئەو ورە و هێزە دەبێ ببێتە وانە بۆ هەموو کەمئەندامێک کە بەو شێوەیە چ لە ڕەوتی ژیاندا و چ لە پشتیوانی کردنی شۆڕشدا بەشداریی چالاکانەیان هەبێت.

لێرەدا بە پێویست دەزانین وەکوو کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات سپاسێکی تایبەتی بنەماڵەی کەمئەندامانیش بکەین کە هاوبەشن لە چێشتنی ئازاری ئەو خەباتگێڕانەدا.

بەو هیوایە کە جووڵانەوەکەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا سەر بکەوێ و دەسەڵاتێکی نەتەوەیی کورد بتوانێ ئەوەی پێویست و شیاوی ئەو تێکۆشەرانەیە بە ئەنجامی بگەیەنێ.

کۆمەڵگای ئێمەش ئەمەگناسییان بەرانبەر بەو بەخشندەییەی کەمئەندامان هەیە و بە ئەرکی خۆیانی دەزانن که هاوکاریی زیاتری ئەو ئازیزانە لە ژیانی پڕ ئازاریاندا بن.

لە کۆتاییدا سڵاوی ئەمەگناسی پێشکەش بەو خۆشەویستانە دەکەین کە لە ڕاستیدا بوونەتە سامان و نرخێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ جووڵانەوە ڕەواکەمان.

کۆنگرەی ١٦، کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات