کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکێکە لە پێنج زیندانی گەورەی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان

15:57 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئێران لە ڕیزبەندی ئازادی میدیاکان، لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٦٤ دایە.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، لەهەمبەر زۆربوونی دژایەتی کردنی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن دیکتاتورەکانەوە هۆشداری داوە.

بە وتەی هەواڵنێرانی بێسنوور، ئێران لە دڕێژەی ئەمساڵدا هیچ پێشکەوتنی تایبەتی بەخۆوە نەبینیوە و لە ڕیزبەندێکدا کە بڵاوی کردۆتەوە، لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە پلەی ١٦٤م دایە؛ ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بە بەردەوامی لە دوایین پلەکانی ئەو ڕیزبەندییە بووە.

لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنووردا هاتووە: ئێران یەکێک لە پێنج زیندانی گەورەی جیهانە بۆ ڕۆژنامەنووسان کە زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنووس و ٥٠ هەواڵنێر لە ئێران دەسبەسەر کراون و لە زیندانەکاندان.

هەروەها هاتووە: سەرکوتی ئازادی چالاکیی ڕۆژنامەنووسان تەنیا لە نێو ئێراندا نییە، بەڵکوو میدیا جیهانییەکان و ئەو میدیانەی کە ئێرانین و لە دەرەوەی ئێران چالاکی دەکەن، لەگەڵ هەڕەشە و سەرکوت و سانسۆر بەرەوڕوون.

هەرچەند کە پلەی ١٦٤ بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە ئێران پلەی ١٦٥ی هەبوو، لەوانەیە نیشانەی باشتر بوونی دۆخی ئازادی ڕاگەیاندن و دەربڕین بێت بەڵام ڕێپۆرتێرانی بێسنوور دەڵێن ئەوە بەهۆی خراپتر بوونی دۆخی وڵاتانی دیکەیە نەک باشتر بوونی دۆخەکە لە ئێران!