کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە فازێکی نوێدا دژی حیزب دەستی بە چالاکی کردووە

16:03 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە دەستیان داوەتە چالاکیی تەبلیغیی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە گوندی سەهۆڵانی شاری مەهاباد دەستیان بە چالاکیی تەبلیغیی کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە، لە دوای ئەوەیکە حیزبی دێموکرات چالاکییەکانی لە نێوخۆی وڵات دەست پێکردووەتەوە، هێزەکانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی ئێران، لە ترسی هێزی پێشمەرگە چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

پێشتریش هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کردبوو کە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەیەکی جاش و بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەجێی بنکەی پۆلیس و هێزە ئینتزامییەکان، بە هاوکاریی خۆفرۆشان لە گوندی سەهۆڵان سەر بە شاری مەهاباد دادەنرێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندبوو که ئەو بنکە نیزامییەی بەکرێگیراوان لەسەر مۆڵەتی شۆراکانی گوند دادەمەزرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە، ئەو کارەی ڕێژیم بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوچەدایە، چونکە ڕێژیم لە چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیەدا ترسی هەیە.