کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە کوردستان درێژەی هەیە

16:35 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی شارە سنوورییەکانی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو شارانە تا ئێستا دەستیان لە مانگرتنی خۆیان هەڵنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارە سنوورییەکانی کوردستان درێژەی هەیە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە ئەسناف و بازاڕیان کردووە کە درێژه بە مانگرتنەکانیان نەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مانگرتن لە شاری بانه بەردەوامە و پێی ناوەتە ١١مین ڕۆژی خۆی و گوشار و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بازاڕیان و دووکانداران بۆ کردنەوەی دووکانەکان بێ ئاکام ماوەتەوە.

دوای مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارە سنوورییەکانی کوردستان، ئەو شارانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تەواوی میلیتاریزه کراون.

دانیشتووانی شارەکانی کوردستان لەهەمبەر سیاسەتی داخستنی بازارچە سنوورییەکان، دەستیان داوەتە مانگرتن و ڕایانگەیاندووە کە تا کردنەوەی بازاڕچەکان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان، خاوەن پاساژەکان و دووکاندارە باوەڕپێکراو و خۆشناوەکانی ئەو شارەی بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردوون لە چوونە ڕیزی مانگرتنی سەرتاسەری بازاڕیان خۆببوێرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ٢ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەریوان، بانە و جوانڕۆ هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتوو کردووە، کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن. هەروەها ئەماکن و هێزە ئینتزامییەکان بە هەڕەشەکردن لە دووکاندارانی شاری پیرانشار لە ئەگەری بەردەوام بوون لە داخستنی دووکانەکان، پێیان ڕاگەیاندوون کە لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

مانگرتنی شارەکانی کوردستان ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە دەستی پێکردووە؛ ئەگەرچی لە هەندیک لە شارەکاندا ڕێژیم توانیویەتی بە زۆرەملی دووکان و بازاڕ بە هاووڵاتییانی کوردستان بکاتەوە بەڵام نەتەنیا کێشەکان چارەسەر نەکراون بەڵکوو لە هەندێک شوێندا ئەم مانگرتنانە تا ئێستاش بەردەوامن.