کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتی جاشێکی دیکە لە کوردستان قوربانی لێکەوتەوە

16:55 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: جاشێکی ناوزڕاو لە گوندی نێـی شاری مەریوان، تەقەی لە دوو برا کرد کە لە ئاکامدا یەکێکیان گیانی لە دەست دا و ئەویتریش بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا،، شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، یەکێک لە جاشە بەدناوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، کە سەرهەنگی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری مەریوان بووە، تەقەی لە دوو برا، خەڵکی گوندی نێی مەریوان کرد و بووە هۆی برینداربوونی یەکێکیان و کوژرانی یەکێکی دیکەیان.

border=0
حاجی لەتیف نیک‌پەی
شوناسی ئەو دوو برایە حاجی لەتیف نیک‌پەی و عوسمان نیک‌پەی ڕاگەیەندراوە کە لە نێو خەڵکی مەریواندا بە بنەماڵەیەکی خۆشناو و جێگەی ڕێز ناسراون؛ هەروەها شوناسی ئەو جاشەش کاوە کۆنەپۆشی سەرهەنگی سپای تێرۆریستی پاسدارانە کە لەگەڵ هیوا تاب فەرماندەی پێشووی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم له مەریوان، ئاوەڵزاوا بووه.

بەپێی ئەم هەواڵە کاوە کۆنەپووشی جاشی ڕێژیم، کە بە چەکی سپای پاسداران تەقەی لەو دوو برایە کردووە، پاش کوژران و بریندارکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، هێرشی کردووەتە سەر ماڵی حاجی لەتیف و ئاگری لە ماڵەکەیشی بەرداوە.

ئەو ڕووداوە لە سێڕێیانی بێهزیستی شاری مەریوان ڕوویداوە.
پاش ئەو ڕووداوە، خەڵکی مەریوان هێرش دەکەنە سەر ئەو جاشە و برینداری دەکەن بەڵام بە پشتگیری هێزەکانی ڕێژیم کاوە کۆنەپۆشی داڵدە دەدرێت و لەو ڕووداوە دەربازی دەکەن.

border=0
کاوە کۆنەپۆشی
تەرمی حاجی لەتیف ڕەوانەی نەخۆشخانەی بووعەلی شاری مەریوان کراوە و لەو پەیوەندییەشدا، شەوی رابردوو هێزێکی زۆر لە ئەندامانی سپا و هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم دەرگای ئەو نەخۆشخانە کۆبوونەوە.

تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە بۆ پزیشکی یاسایی شاری سنە ڕەوانە کراوە.

ئەمە دووهەمین جارە کە لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا چڵکاوخۆریکی ڕێژیم بە چەکی سپای تێرۆریستی جینایەتی لەم چەشنە دەخوڵقێنن؛ حەوتوی ڕابردووش جاشێکی سپای پاسداران بەناوی ڕەسووڵ سکرێت تەقەی لە بنەماڵەی خەزووری خۆی کرد و بووە هۆی گیان لەدەستدان چوار کەس.