کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

CNN: ئێران دژی ئیسرائیل مووشەکی ڕەوانەی سووریە کردووە

23:30 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەڕەشەی شەڕ لە لایەن ڕێژیمی ئێران، دژی ئیسرائیل پڕ ڕەنگتر بووە و ڕێژیمی ئێران بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل لە خاکی سووریەدا خۆ ئامادە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی CNN دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا بڵاویان کردووەتە کە لە ماوەی ڕۆژرانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکە، باری مووشەک و چەکوچۆڵی نیزامی بۆ هێزەکانی بەشار ئەسەد یا دەسپێکی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێ کردووە.

هەواڵدەریی CNN باسی لەوەش کردووە کە بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئامریکا و ئیسرائیل فڕینی ئەو فڕۆکانەیان لە ئێرانەوە بۆ سووریە تەئید کردووە و جەختیان کردووەتە کە ئەو فڕۆکانەی ڕێژیمی ئێران هەڵگری کەرەستەی نیزامی بوونە کە ئەگەری هەیە دژی ئیسرائیل بەکار بهێنرێت.

ئەو فڕۆکانە سەر بە شێرکەتی سیمرغ و پویا ایر، سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بوونه.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی هەڕەشەی کردووە کە تۆڵەی هێرشی هەوایی پایەگای نیزامی تیفۆر 4T لە ئیسرائیل دەستێنێتەوە.
لەو هێرشەدا بۆ سەر پایەگای نیزامیی تیفۆر 4T لە سووریەدا چەندین ئەندامی ڕێکخراوی سپای ڕێژیمی کوژران.

هاوکات عه‌لی شه‌مخانی، سەرۆکی شۆرای باڵای ئاسایشی ڕێژیمی ئێران به‌ڵێنی داوە، به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌كه‌ی تلاڤیڤ بۆ سه‌ر پایەگای نیزامیی تیفۆر 4T له‌ سووریه كه‌ تێیدا چەندین ئەندامی ڕێکخراوی سپای ڕێژیمی کوژران، وڵاته‌كه‌ی ئیسرائیل سزا ده‌دات.

شه‌مخانی له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا لە شاری سوچی له‌ ڕووسیه ڕایگه‌یاند: كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی تێرۆر و ته‌كفیری باجێكی زۆری داوه، بۆیه‌ ناكرێت‌ به‌رامبه‌ر به ڕه‌فتاره‌كانی ئامریکا و ئیسرائیل و هه‌ندێک له‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ ناوچه‌كەدا‌ ده‌سته‌وه‌ستان بین.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە : سزادانی ئیسرائیل كارێكی حه‌تمییه‌ و پاشه‌گه‌زبوونه‌وه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵام سرووشتی كات و ساته‌كه‌ و میكانیزمه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ بڕیاری له‌ سه‌ر ده‌درێت.