کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزییەکانی رێژیم بەرامبەر بە خەڵک هەموو سنوورە ئەخلاقییەکانی بەزاندووە

16:23 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: مۆرە چڵکاوخۆر و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ پڕەنسیپێکی ئەخلاقی و دوور لە ڕەوشتە ئینسانییەکان، پەلاماری خەڵکی ئاسایی لە سەر شەقامەکانیان داوە.

لە ڕۆژانی رابردوودا کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە کە تێیدا پەلاماری بێبەزەییانەی مۆرە ئیتلاعاتی و چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیم بۆ سەر هاووڵاتییان بەتایبەت ژنان نیشان دەدات کە هاوشێوەی لە هیچ شوێنێکی دیکەی مێژوودا نابیندرێتەوە.

لە یەکێک لەم گرتە ڤیدیۆییانەدا کە لە شاری بووشێهر ڕووی داوە چەند مەئموورێکی هێزی بەناو ئینتزامی پەلاماری کچێکی گەنج دەدەن و وێڕای سووکایەتی کردن و بێحورەتی کردن پێی لە پێش چاوی خەڵک و تەنیا بەبیانووی جلوبەرگێکی نەشیاو (لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە) دەیدەنە بەر لێدان و لەوپەڕی بێشەرمیدا جلەکانی لەبەر دادەکەنن.

لە گرتەیەکی دیکەدا مەئموورانی شارەداری هێرش دەکەنە سەر گارییەی پیاوێکی کاسبکار و بە زۆر و لێدان گارییەکەی لێ دەستێنن؛ خاوەن گارییەکەش پێیان دەڵێ: ناپیاوینە من بەم گارییە بژیوی ژیانی بنەماڵەکەم دابین دەکەم؛ ئەی بڕۆم دزی بکەم؟

هەرچەند کە ئەم چەشنە هەڵسوکەوت کردنانەی ڕێژیم لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ئێران پرسێکی نوێ نییە و بەدرێژایی تەمەنی ئەم ڕێژیمە حاڵەتگەلی لەم چەشنە بەردەوام هەبووە، بەڵام وەک کارناسان دەڵێن: جیاوازییەکەی لەوەدایە کە ئەگەر لە ڕابردوودا ڕێژیم دەیهەویست بەم چەشنە کارانە دەسەڵاتی خۆی زیاتر بسەپێنێت ئێستا لە ئەنجامی ترس و فۆبیایەک لە ناڕەزایەتی و ڕووخان دەست دەداتە ئەم چەشنە کارانە.

لەمبارەوە پسپۆڕێکی کۆمەڵناس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕەچاوکردنی مێتۆدی توندوتیژخوازانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیلی سەر شەقام لە ئێران نەک لەڕووی بەهێزی و دەسەڵاتەوە بەڵکوو لە ئەنجامی لاوازی و بێ دەسەڵاتی ئەوانە.

ئەم کارناسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێ: ترسێکی ترسێنەر سەراپای بوون و ژیانی سەرانی ڕێژیمی تەنیوەتەوە کە ناچار بە ئەنجامدانی کردەوەگەلی شەڕئەنگێزانە و توندوتیژخوازانەیان دەکات.

ناوبراو دەڵێ: کاتێک تاکە دەسەڵاتبەدەستەکان خۆیان بە کەمتر لە خەڵکی دیکە بزانن و خاوەنی متمانەبەخۆیی نەبن، بۆ داپۆشینی کەمایەسییە ڕۆحی-ڕەوانییەکەیان شەڕئەنگێزی و توندئاژۆیی دەکەنە مێتۆدی هەڵسوکەوتیان.