کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی زانکۆ، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە ئێراندا دەسبەسەر کرا

16:34 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی زانکۆی ئەمپریاڵ کالجی لەندەن، بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی کەمپەین مافی مرۆڤ لە ئێراندا، عەباس عەداڵەت مامۆستای زانکۆی ئەمپریاڵ کالجی لەندەن و هەروەها لە ناڕازییانی ئابڵۆقەی ئابووری و شەڕ بە دژی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم کەمپەینە ڕایگەیاندووە، کە عەباس عەداڵەت لە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دەسبەسەر کراوە، هەرچەندە بنەماڵەی نابراو وەسیقەیان بۆ ئازاد کردنی داناوە، بەڵام دادگای ئینقلابی ڕێژیم بەوەشەوە ئەو مامۆستەیەی ئازاد نەکردووە.

تاوانی ئەم مامۆستای زانکۆوە، هەتا ئێستە ڕوون نەبووەتەوە و هێزەکانی سپای پاسداران زۆربەی کەلوپەلە کەسییەکانی وەکوو کامپیوتر، سی‌دی و یادداشتەکانی ناوبراویان لە کاتی دەسبەسەر کردنیدا لەگەڵ خۆ بردووە.

عەباس عەداڵەت مامۆستای کامپیوتر و بیرکاری لە زانکۆی ئەمپریاڵ کالجی لەندەنە، کە بە هۆی نووسینی وتارگەلێک لەم بواردەدا چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.

هادی قائمی بەرپرسی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، دەسبەسەر کردنی عەباس عەداڵەتی بۆ ڕەوتی دۆسییەسازیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دژی کەسە دووناسنامەییەکان گەڕاندووەتەوە.