کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسدارانی ڕێژیم، داوا لە خەڵک دەکات، لەسەر پێشمەرگە سیخوڕییان بۆ بکەن

16:52 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە هەوڵێکی دیکەدا دژ بە چالاکیی پێشمەرگە، لە نێوخۆی وڵات دەستی داوەتە بەرنامەیەکی نوێ بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، داوایان لە مەڕدارانی چیاکان کردووە، کە لە هاتووچۆی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی وڵات ئاگاداریان بکەنەوە و لە بەرانبەردا پارەیان پێ دەدەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای ڕێژیم، بە مەڕدارەکانی وتووە: ئەگەر ئێوە سیخوڕیمان بۆ بکەن، ئێمەش مانگانە بڕی یەک میلیۆن تمەن پارەتان پێ دەدەین.

لەو پێوەندییەدا ساڵی ڕابردووش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت تێلێگرام داوای لە خەڵکی هەورامان کردبوو، کە لەسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات سیخوڕی بکەن و شوێن و جێگەی پێشمەرگان لە ناوچەدا ئاشکرا بکەن و بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕابگەیەنن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەی بەردەوام داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەن، کە دژی پێشمەرگە سیخوڕیان بۆ بکەن.