کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامریکا

17:07 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دەزگای نهێنیی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە چەکدارێکیان لە نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، دەسبەسەر کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەزگای نهێنی ئامریکا، چەکدارێکیان لە بینای نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردووە و بۆ ئیدارەی پولیسی واشنتۆنیان گواستووەتەوە و هەتا ئێستە وردەکارییەکانی بڵاو نەبووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە میدیاکانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، کە ئەو چەکدارە هێرشی کردووەتە سەر ئەو نووسینگەیە و تەقەی کردووە، دەزگای نهێنی ئامریکا ڕایگەیاندووە، کە هێرش و تەقە نەکراوە و تەنیا چەکدارێکیان دەسبەسەر کردووە.

جێگەی ئاماژەیە، لە کاتی هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاراندا، ئامریکا و ڕێژیمی ئیران، پەیوەندی دیپلۆماتیکیان نەماوە و کاروباری پاسپۆرت و ناسنامەی ئێرانییەکان لە ئامریکا، لە باڵوێزخانەی پاکستان جێبەجێ دەکرێت.