کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هەیە سووریە ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتیی جیهان

17:17 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، قەیرانی سووریە چارەسەر ناکرێت و دەبێتە گەورەترین هەڕەشەی نێونەتەوەیی.

لە دانیشتنی وڵاتانی یارمەتیدەری سووریە لەژێر ناوی داهاتووی سووریە و ناوچەکە ئانتۆنیو گوتریش، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری داوە، کە بە هۆی زۆربوونی گرووپە میلیشیاییەکان لە سووریەدا، پێدەچێت سووریە ببێتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی جیهان.

لەو دانیشتنەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ئاڤریلی ٢٠١٨ زایینی، لە برۆکسێل بەڕێوە چووە، باس لە بارودۆخی ژیانی نالەباری ١٣ میلیۆن خەڵکی سووریە کراوە، کە نزیک بە ٦ میلیۆن و نیویان لە دەرەوەی وڵاتیان دەژین و دەبێت قەیرانی سووریە چارەسەر بکرێت.

فێدریکا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپاش لەو دانیشتنەدا، بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەی قەیرانی سووریە داوای وتووێژی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە وتووێژەکان بۆ ئاشتی لە سووریەدا ئاسان نییە، بەڵام دەبێت ڕێگەچارەیەکی سیاسی بدۆزرێتەوە.

سووریە بووەتە شوێنی ململانێ و نیشاندانی هێز و دزەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، یەکێک لەو وڵاتانەی کە قەیرانی سووریەی قووڵتر کردووە، ڕێژیمی ئێرانە کە بە پاڵپشتی کردن لە ڕێژیمی ئەسەد و گرووپە تێرۆریستییەکان لەو وڵاتەدا، بە نانەوەی ئاژاوە و شەڕ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت.