کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێتەختی ئێران لەگەڵ قەیرانی ئاو بەرەوڕووە

17:38 - 6 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەڕێوبەری گشتیی ئاوی ناوچەیی تاران، هۆشداری داوە، کە دۆخی ئاو نالەبارە و بەرەو جیرەبەندی دەچێت.

بە وتەی عەلیڕەزا بەختیاری، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی تاران، دۆخی ئاو لە تاراندا لە ئاستی قەیرانیدایە و پاشکەوتە ئاوییەکانی لە بەنداوەکانی تاران زۆر کەمن و تەنیا جیرەبەندی دەتوانێت چارەسەری ئەو قەیرانە بکات.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، بەکارهێنانی ئاوی خواردەمەنی زۆر لەسەرە و ئەو ڕێژەیە ٣٥ لەسەدە، لە حاڵێکدا کە لە شارەکانی دیکەی ئێراندا ٧ لەسەدە و سازکردنی لەڕادەبەدری بەنداو و بیری ئاو بووەتە هۆی قەیرانی ئاو لە سەرتاسەری ئێران و پاشکەوتە ئاو ژێرزەوییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە.

بەختیاری، باسی لەوە کردووە، کە ئاوی ڕووبارەکان ٧٠٠ میلیۆن مێتری چوارگۆشە کەمی کردووە و پاشەکەوتی بەفریش بە پلەی سفر گەیشتووە و وەکوو نموونە شاری قومی هێناوە، کە ئاوی ڕەوانی نەماوە و سوێری ئاوی ژێرزەوینی لەو ناوچەیە دوو قات بووەتەوە.

سەبارەت بە شارەکانی خووزستان، سیستان و بەلووچستان و ئازەربایجان، هۆشداری داوە، کە ئەو شارانەش لەگەڵ کەمئاوی بەرەوڕوون و قەیرانی ئاو لەو شارانە زۆر جیددییە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەگەر ئەو قەیرانە چارەسەر نەکرێت، کەمئاوی و وشکەساڵی ڕووداوی ناخۆشی وەکوو شەڕ لەسەر ئاو لێ دەکەوێتەوە.

بە هەڵە خاوەندارییەتی کردن لە کانگا و پاشکەوتە ژێرزەوییەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وای کردووە، کە قەیرانی سەرچاوە سروشتییەکان بەتایبەت ئاو هەموو ئێرانی بگرێتەوە و ژینگە و ژیانی نەتەوەکانی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە و هیچ چارەسەرێکیان بە کردەیی ئەنجام نەداوە.

لە ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار لە لوڕستاندا خەڵک لە هەمبەر گواستنەوەی ئاوی ناوچەکەیان بۆ بیاوانەکانی ناوەندی ئێران، ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە ئیسفەهانیش جووتیارەکان چەندین جارە لەسەر کەمئاوی خۆپیشاندان دەکەن و هەڕەشەی شەڕێکی گەورە لەسەر ئاو، چاوەڕەوانی هەموو ئێران دەکات.