کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەمچەوتانەگرتن (اخاذی) بە دروشمی خۆداپۆشین و سزای نەختی

00:13 - 7 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوەکانی ڕێژیم، بۆ خۆداپۆشینی زۆرەملێ، باج وەردەگرن و لەو بارەوە بەرگەی غەرامە بە خەڵک دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان و بڵاوبوونەوەی وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە دانی بەڵگەی غەرامە بە هاووڵاتییان، لەژێر ناوی گەڵاڵەی داوێنپاکی و گەشەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێ دەکۆشن خۆداپۆشینی زۆرەملێ لە کۆمەڵگا جێگیر بکەن.

بەرگەی غەرامەکان بە دروشمگەلێ وەک: حجاب، گوهر ناب و چادر حجاب برتر ڕازێندراونەتەوە و ئەو کەسەی سەرپیچی بکات، سزای نەختی دەکرێت و بە سێ شێوەی قیستی و نەختی و چەک دەتوانن غەرامەکەیان بدەن، کە دەڕژێتە حەسیبی هێزی ئینتزامییەوە.

ئەو ناوەندانەی کە بەڵگەی غەرامەیان هەیە و لە خەڵک غەرامە وەردەگرن، هێزە سەرکوتکەرەکانی هاتف و گەشتەکانی ئیرشادن، کە کەمترین غەرامە ٥ هەزار تمەن بۆ هەر نێنوکە و زۆرترینیشیان بۆ ڕەنگی قژە کە ١٥٠ هەزار تمەنە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان، بە غەرامەکردن و لێدان و سووکایەتی و گوشاری دەروونی، لە ڕێگەی داربەدەستەکانییەوە، کۆمەڵگای ئێرانیان تووشی قەیرانە جۆراوجۆرەکان کردووە و لەم نێوانەشدا گوشارەکان زیاتر لە سەر چینی ژنانە.