کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئامادەی هێرش بۆ سەر تارانین

00:14 - 7 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئه‌ڤیگدۆر لیبرمەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر تێل‌ئاڤیڤ ئیسرائیلیش لە تاران دەدات.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی ئیلافـی عەرەبی باسی لەوە کردووە. وڵاتەکەی خوازیاری شەڕ نیـیە، بەڵام ئەگەر بێت و ئێران هێرش بکاتە سەر تێل‌ئاڤیڤ ئەوا ئیسرائیلیش لە تاران دەدات.

لیبرمەن لەو وتووێژەدا ڕاگەیاندووە، بە بێ هیچ چەندوچۆنێک بە توندی وەڵامی هەر لایەک دەدەینە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل؛ هیواشی خواست دۆخە ناگەتە ئەو ئاستە و ئێرانیش تواناکانی وڵاتەکەی تاقی نەکاتەوە.

هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل نیگەرانیی وڵاتەکەی نیسبەت بە جموجۆڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە دەربڕیوە و گوتوویەتی، ڕێژیمی تاران دەیهەوێ بنکەی سەربازی لە سووریە دابمەزرێنێت و لەوێشەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

ڕۆژی ڕابردووش هەواڵدەریی CNN لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل و ئامریکا باسیان لەوە کردووە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکە، باری مووشەک و چەکوچۆڵی نیزامی بۆ هێزەکانی بەشار ئەسەد یا دەسپێکی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێ کردووە.

هەواڵدەریی CNN باسی لەوەش کردبوو کە بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئامریکا و ئیسرائیل فڕینی ئەو فڕۆکانەیان لە ئێرانەوە بۆ سووریە تەئید کردووە و جەختیان کردووەتە کە ئەو فڕۆکانەی ڕێژیمی ئێران هەڵگری کەرەستەی نیزامی بوونە کە ئەگەری هەیە دژی ئیسرائیل بەکار بهێنرێت.

هاوکات عە‌لی شه‌مخانی، سەرۆکی شۆرای باڵای ئاسایشی ڕێژیمی ئێران به‌ڵێنی داوە، به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌كه‌ی تێل‌ئاڤیڤ بۆ سه‌ر پایەگای نیزامیی تیفۆر 4 T له‌ سووریه كه‌ تێیدا چەندین ئەندامی ڕێکخراوی سپای ڕێژیمی کوژران، وڵاته‌كه‌ی ئیسرائیل سزا ده‌دات.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە : سزادانی ئیسرائیل كارێكی حه‌تمییه‌ و پاشه‌گه‌زبوونه‌وه‌ی تێدا نییه‌، به‌ڵام سرووشتی كات و ساته‌كه‌ و میكانیزمه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ بڕیاری له‌ سه‌ر ده‌درێت.