کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەوە بۆیە هونەر لای ئێمە پێش ناکەوێ! (قادر ئەلیاسی)

19:10 - 13 خەزەڵوەر 2712

قادر ئەلیاسی


تیپەکەی ئێمە ٦ مانگ بەر لەوەی ئەو فستیڤاڵە دەست پێبکا، وامان دانابوو، پلەی یەکەم بێنینەوە. چوونکە بەرنامەیەکی چڕ و پڕمان بۆ خۆ ئامادەکردن دانا بوو. هەفتەی یەکجار بە مووزیک و گۆرانی کۆدەبووینەوە و بە شێوەی کۆرس پرۆڤەی باشمان دەکرد. تیپەکەمان پێکهاتبوو لە ٥ کوڕ و ٥ کچ. هەموومان کورد بووین و لە ئیلامەوە بۆ بەشداری لەو فستیڤاڵە خۆمان ئامادەکردبوو. ئاسۆ تارژەن، دڵنیا چەلۆ، جوامێر ڤیولۆن، کامران دەف، گۆران زەرب، شیلان قەیچەک، سۆما سێ تار، کەویار تەنبوور، ئاڵا دیوان ساز و منیش کەمانچەژەن.

ئەو ١٠ کەسە هاوکات لە گەڵ مووزیک، پێکەوە بە کۆرس گۆرانیمان دەخوێند. ئەوەندە گۆرانی و مووزیکەکانمان دووپات کردبۆوە، هەموومان وەک یەک کەسمان لێ هاتبوو. بە کورتی دەنگ و مووزیک هێندە ئاوێتەی یەک ببوون، زۆر دژوار بوو، لە یەکیان جیان بکەیتەوە. یەک تۆزە نەشازیی چییە، لە کارەکاندا بەرگوێ نەدەکەوت. دوای هەر گردبوونەوەیەک پتر باوەڕمان بە خۆمان دەهێنا کە پلەی یەکەم دەهێنین.

گاڵتە نییە، لە ماوەی ٦ مانگدا، هەفتەی جارێک و هەر جارەش ٥ کاتژمێر خۆمان باش ماندوو دەکرد. تیپەکەشمان لەو کەسانە پێکهاتبوون کە سەرجەمیان لە باری توانایی هونەری مووزیک و دەنگەوە گوڵبژێری شارەکە بوون.

بۆیە رۆژی فستیڤاڵەکە، دەتگوت بۆ زەماوەن و شایی دەچین. وەک ئەوە چاومان لەو فستیڤاڵە نەدەکرد کە تیپی دیکەش بەشدار دەبن و لە گەڵ ئێمە دەکەونە (کێ بەر کێ)وە.

ئەگەر بێت و باسی ئەوەتان بۆ بکەم کە چۆن و بە چ کوێرەوەرییەک خۆمان گەیاندە شوێنی فستیڤاڵەکە، بۆ خۆی کتێبێکی تەواوە. ئەوەندە پارەمان نەبوو، ماشینێکی تایبەت بە کرێ بگرین. ناچار بووین لە گەڵ خەڵکی دیکە بە ماشینی هێڵی هاتووچۆ سەفەر بکەین. بۆیە تا گەیشتینە شوێنی دیاریکراو، زۆر ئازارمان کێشا.

کە گەیشتینە شوێنی فستیڤاڵەکە، لەوێش دەبوو خۆمان خەمی پەیداکردنی شوێنی حەسانەوە و مانەوە بخۆین. شەو هەر چۆنێ بێ، بوو بە رۆژ و فستیڤاڵ دەستی پێکرد. تیپی ئێمە کە نۆرەی هات، چووە سەر سەکۆی بەرنامە و کارەکانی خۆی کە پێکهاتبوو لە چەند شێواز گۆرانی بە شێوەی کۆرس و مووزیک، پێشکەش کرد. ئەگەر بە خۆ هەڵاگوتن نەبێ، گرووپی ئێمە هەم لە باری مووزیک و هەم دەنگەوە زۆر سەرکەوتوو بوو. لە گەڵ ئەوەش بەرپرسی دەزگای دەنگ، بزانی و نەزانی، لە کاتی بەرنامەکەی ئێمەدا تۆزێک خراپکاری کرد. ئەوەش دیسان نەیتوانی شوێنی خراپ لە سەر کارەکانی ئێمە دانێ.

دوای ئەوەی سەکۆی بەرنامەمان بە جێ هێشت، کابرایەکی ریشداری دەست و پل پەڵەپەڵە وەک ئەوەی شیمیایی بەرکەوتبێ، دەستی گرتم و بەرەو گۆشەیەک رایکێشام. سەرەتا وامزانی لە بەر پێشکەش کردنی باشی بەرنامەکە، سپاس و پێزانینی خۆییم پێڕادەگەیەنێ. بەڵام هەر زۆر زوو دەم و چاوی تێکدا و دەرکەوت لە ئێمە تووڕەیە. ئاخری زاری کردەوە و گوڕاندی بە سەرمدا و وتی: بۆچی دەنگی ئەو کچە هێندە لە سەرەوەی دەنگی کوڕەکانەوە بوو؟ نازانی ئەو کارەی ئێوە نە جوان بوو، نە ئیسلامی؟!

ویستم روون کردنەوە بدەم، رووی وەرگێڕا و دەستێکی دیکە رایکێشام بۆ لای چەند کەسی تری ریشدار کە تۆزێک لەولاترەوە بە ریز وەستابوون. دەم و چاوی هەموویان چرچ و مۆن بوون و تووڕەیی یان لێدەباری. خوا هەڵناگرێ، زۆر ترسم لێنیشت. ئەوانیش هەر کەسە و بە نۆبەی خۆی، کەوتنە سەرکۆنەکردنم و وتیان: دەبێ وەڵامدەری فڵان دەزگا و کێ و کێ بی.

پاش ئەو هەموو بێنە و بەرە ئاکامی فستیڤاڵ بەو شێوەیە راگەیەندرا: چوار تیپ پلەی سێهەمیان وەرگرت، سێ تیپی دیکە پلەی دووهەم و دوو تیپیش پلەی یەکەمیان پێدرا و، ئێمەش جگە لە سەرکۆنە و بێڕێزی هیچمان بەرنەکەوت. بە کورتی تیپی ئێمەیان لە بۆنەکە سڕییەوە. دوایین هەوڵی خۆمم دا و چوومە کن یەکێک لە بەرپرسانی ریشداری فستیڤاڵ و ویستم زار بکەمەوە و دادی خۆم و تیپەکەم بگەیەنمە لای، توند بوو و وتی: هەر ئەوەندەی رێگاتان دەدەین بگەڕێنەوە شارەکەی خۆتان، شوکرانە بژێر بن.

لە رێگادا چاوم کەوت بە بەرپرسی بەڕیوانی فستیڤاڵەکە. ئەویش زۆر بە بێدەنگی، هەستی هاوخەمی خۆی دەربڕی و سەری کردە خوار.

بە شەکەتی و وەڵەکەتی گەڕامەوە لای ئەندامانی تیپ و لەوپەڕی ناهومێدی و دڵشکاویدا ئامێرەکانمان پێچایەوە و بەرەو وێستگە(ترمیناڵ)ی هاتووچۆ بەڕێ کەوتین. بە دەم رێگاوە هەموومان وەک ئەوەی سای مەل لێی دابین، وڕ و کاس و بێدەنگ، بە بێ ئەوەی لە گەڵ یەک بدوێین، هەنگاومان بەرەو شوێنی گەڕانەوە دەنا. لە روخساری هەمواندا دیاربوو، رقمان لە گشت شتێک، تەنانەت ئامێرە مووزیکەکانمان دەبێتەوە کە ساڵانێکە هاوڕێی شەو و رۆژمانە.

سەرەنجام سۆما بێدەنگی شکاند و بە لچەپرمەی تێکەڵ بە گریانەوە هاتە قسە و وتی: من ئێستە دەزانم بۆچی باوکم ئەیوت مەچۆ. ئەگەریش بچی، بە دەستی خاڵی دەگەڕێیتەوە.

هەر کەس بە شێوەیەکی تێکەڵ بە خەم و تووڕەیی قسەی دەکرد. منیش وەک بەرپرسی تیپەکە، هەر ئەوەندەم پێکرا، بێژم: گرینگ ئەوەیە ئێمە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمانمان دا و هیچ نەبێ، چەند شێوە ئاواز و مووزیکی ناوچەکەمان پێشکەش کرد. بەڵام لە بیرتان نەچێ، هەتا ئەم دوو چاوەکییە لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەبێ، ئەو نادادپەروەرییەش هەر درێژەی دەبێ.

کەویار کە لە تەنیشت منەوە لە کاتێکدا کۆڵەپشتییەکەی بە پشتەوە بوو و ئامێری تەنبوورەکەشی بە دەستی راستییەوە هەڵگرتبوو، زاری کردەوە و وتی: ئەوە بۆیە لەم وڵاتەی ئێمەدا کە بەناو میراتگری باربەت و نەکیسایە، هونەر لە شوێنی خۆی چەقییەوە و قەت پێش ناکەوێ!

کامران بە ئاماژەی دەست پێی راگەیاندین، نزیکی وێستگەکە بووینەتەوە، بۆیە دوایین وتەی ئەوە بوو: ئیتر بێدەنگ بن، با بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی وڵاتیش نەمانگرن و راپێچی گرتووخانەمان بکەن.

سواری ماشینێکی هێڵی هاتووچۆ بووین و چۆن رۆیشتبووین، ئاواش گەڕاینەوە. بەڵام جیاوازی چوون و هاتنەوە لەوەدا بوو کە لە کاتی چوونمان بۆ فستیڤاڵەکە، هەر یەکەمان وێنەی وەدیهاتنی دەیان خەونی رەنگاورەنگمان لە هزر و بیرماندا کێشابوو، کەچی لە گەڕانەوەدا جگە لە تارماییەکی تاریک، هیچ شتێکمان بۆ نەدەخرایەوە سەر یەک.

ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتمەوە ماڵ. دوای چاک و چۆنی و گێڕانەوەی ئاکامی فستیڤاڵەکە بۆ ماڵەوە، چوومە ژوورەکەی خۆم و دەستم برد، کاسیتێکی هونەرمەندی کۆچکردوو سەلاح داوودەم لە سەر زەبت و سەوتەکە دانا. سەلاح داوودەی نەمر، بەم شیعرە جوانە دڵی دامەوە و بە مقامێکی بڵاوێن و دەنگە خۆشەکەی چریکاندی:
دوای هەر شەوێ، شەفەقێک هەیە
ئاخـــــــــــۆ شەوی من، شەفەقی کەیە؟