کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەركەوتوانی فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە شاری سەردەشت دەست نیشان كران

19:10 - 13 خەزەڵوەر 2712

كوردستان میدیا: حەوتەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای بەیت و حەیران لەشاری سەردەشت بە بەشداریی نزیك بە ٢٥٠ هونەرمەند لە ٢٤ پارێزگای ئێرانەوە بە دەست نیشان كردنی كەسان و گرووپە سەركەوتووەكان كۆتایی بە كارەكانی هێنا.


لێژنەی داوەران لە بەشی حەیراندا ئەحمەد پوورمەعرووف خەڵكی شنۆی بەپلەی یەكەم و رەحمان حەیدەری لە سەردەشت و ئەبووبكر ئەزروێنە لە پیرانشار بە ریز بەپلەی دووهەم و سێهەم ناساند.
هونەرمەند برایم قادری لە شاری مەهاباد توانی پلەی یەكەم لە مەقام بێژیدا بۆ خۆی تەرخان بكات و پلەی دووهەم و سێهەمیش بە تەها رەسووڵ پوور، ئەحمەد كەشواد و ئەحمەد سەركووهی برا.
هەروەها لە بەشەكانی لاوك، سازە رەسەنەكان و سازی زهی لە شارەکانی ئیسفەهان، لورستان، سنە، مەریوان، سەقز و خوراسان كەسانی سەركەوتووش دیاری كران.
لە حەوتەمین فێستیڤاڵی بەیت و حەیرانی سەردەشتدا، ١٥٧ بەرهەمی تاكەكەسی و ٣٢ بەرهەم بە شێوەی كاری گرووپی بەشدارییان لەو فستیڤاڵەدا كردبوو و لە ماوەی بەڕێوە چوونی فێستیڤاڵەكەدا بەرهەمەكان بە شێوەی زیندوو پێشكەش دەكران.
ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبی شاری سەردەشت و بە هاوكاری چالاكانی فەرهەنگی و هونەری شارەكانی كوردستان بەڕێوە چووە.