کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەم بوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران هەتا هەڕەشەی ئەو رێژیمە بەمەبەستی راگرتنی هەناردەی نەوت

19:37 - 13 خەزەڵوەر 2712

كوردستان میدیا: زەخت و گوشارەكان رۆژ لە دوای رۆژ بۆ سەر رێژیمی ئێران رووی لە زیاد بوون كردووە و لە هەمان كاتیشدا وەزیری نەوتی رێژیمی تاران هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی بۆ وڵاتانی ئورووپایی كردووە.


رۆستەم قاسمی وێڕای دان پێدانان بە كارێگەری گەمارۆكان وتی: ئەگەر بێت و رەوتی گەمارۆكان درێژەیان هەبێت، هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە رادەگرین.
هەر لەو پێوەندییەدا وڵاتی توركیە لە مانگی رەزبەردا كڕینی نەوتی لە رێژیمی ئێران گەیاندۆتە ١١٠ هەزار و ٣٠٨ بۆشكە لە رۆژدا و ئەو رێژەیە بەنیسبەت مانگەكانی پێشوو لەسەدا ٥٠ دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.
بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی حكوومەتی ئێران لە مانگی رابردوودا گەیشتۆتە ٢ میلیۆن و ٨١٧ هەزار بۆشكە و بە نیسبەت سێ‌مانگی یەكەمی ساڵی میلادی ٥٦٦ هەزار بۆشكە لە رۆژدا كەمی كردووە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی اوپك، نرخی هەر بۆشكە نەوتی خاوی ئێران لە بازارە جیهانییەكاندا ١٠٩ دۆلارە و بەپێی ئەو نرخە دیاری كراوە رێژیمی ئێران بۆ فرۆشی نەوت بەنیسبەت ساڵی ٢٠١٠ مانگانە نزیك بە ٣ میلیارد دۆلار خەساری لێكەوتووە.