کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ رێکخراوی ژنان، بەرنامەیەکی هاوبەش بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاری لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان بەڕێوە دەبەن

14:17 - 18 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: چەند رێکخراوی تایبەت بە ژنان بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان ئاگادارییەک بڵاو دەکەنەوه.


دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیه:


ئاگاداریی بەرنامەی هاوبەشی چەند رێکخراوی ژنان لە ٢٥ی نۆڤامبر لە ستۆکهۆڵم، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوه لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان
ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان له چوارچێوەی کارێکی هاوبەشدا بۆ یەکەم جار بەرنامەیەک لەژێر ناوی ئەزموونە تاڵەکانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوێد بەڕێوه دەبن.
ئەم هاوکاری و بەرنامە هاوبەشە به بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر رۆژی جیهانی دژبە توندوتیژی لە دژی ژنان بەڕێوە دەچێ و بایەخێکی تایبەت دەداته گێڕانەوه و کۆکردنەوەی بەسەرهاتەکانی ژنان و وێنا کردنی جۆری توندوتیژیی دەوڵەتی کە ژنانی کوردی زیندانیی سیاسی له زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەزموونیان کردووه.
ئەو رۆژە تایبەته، شرۆڤەی هێندێک لە بەسەرهاتی ژنانی زیندانیی سیاسی و چۆنیەتیی کارتێکەریی ئەو ئەزموونە لەسەر رەوتی ژیانیان لەخۆ دەگرێت. باسەکە بە شێوەی پانێل و بە بەشداری چەند چالاکی ژن کە خۆیان زیندانی بوون بەرێوەدەچێت. هەروەها بەرنامەکەمان بەشی ئەدەبی و مووزیک لەخۆ دەگرێت.
داوا لە تەواوی تی‌ڤییەکان و راگەیاندنەکانی کوردی دەکەین کە لەو رۆژەدا بەشدار بن هەتا بە میدیایی کردنی ئەو باسە بتوانن رۆڵێکی کاریگەرییان هەبێ بۆ کردنەوەی ئەو باسە لە ناو کۆمەڵگادا.
هاتنی ئێوه ئازیزان هاندەری زیاترە بۆ کاری هاوبەش و هەڵگری پەیامی پشتگیرییە لە زیندانیانی سیاسی و جێگای دڵگەرمی و شانازییه.
شوێن: Axelsbergs torg 3, Axelsberg - Stockholm
كات:١٢:٣٠ هەتا ١٧:٠٠
رێکەوت: رۆژی شەممه ٢٤ی نۆڤامبری ٢٠١٢ی زایینی
رێکخراوەکانی بەشدار:


ــ رێکخراوەی ژنانی کورد لە ئۆپسالا

ــ کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات

ــ رێکخراوەی ژنانی ئازەرمێهر

ــ رێکخراوەی ژنانی کۆمەڵەی زحمەتکێشان

ــ ژنانی رەوتی سوسیالیستیی کۆمەڵە

ــ یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

ــ یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان

ــ رێکخراوی مافی ژنی کورد