کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتی هیند هاوردەی نەوت لە ئێرانەوە رادەگرێت

13:48 - 23 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: کۆمپانیای HMELی هیند رایگەیاندووه، لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوردە کردنی نەوت لە وڵاتی ئێرانەوە رادەگرێت.


ئەو کۆمپانیایە بە گەورەترین شیرکەتی هیندی بۆ هاوردە کردنی نەوت لە ئێرانەوە دێتە ئەژمار، بە چەشنێک کەلە مانگی خەرمانانەوە هەتا مانگی رەزبەر ٢ میلیۆن بەرمیل نەوتی لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران کڕیوه.
وتەبێژی کۆمپانیای HMEL بە هەواڵدەریی رۆیتێرزی راگەیاندووه، چیدیکە نامانهەوێ‌ نەوت لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بکڕین.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە رێکەوتی ١٧‌ی بانەمەڕ هیلاری کلینتۆن لە سەردانێکدا بۆ وڵاتی هیند پرسی گەمارۆی زیاتری نەوتی رێژیمی ئێرانی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هیند هێنابووە بەرباس.
دوابەدوای ئەو سەردانه، وڵاتی هیند ٢٠%ی هاوردەی نەوتی خۆی لە وڵاتی ئێران کەم کردەوه.
پێشتریش لێپرسراوی بەڕێوەبەریی کۆمپانیای کەشتیوانیی ئێران ــ هیند رایگەیاندبوو، بە هۆی ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی کە خراوەتە سەر ئێران، چالاکییەکانمان لەگەڵ ئەو رێژیمە رادەگرین.
پاش جێبەجێ‌ کردنی گەمارۆ نەوتییەکان بۆسەر رێژیمی ئێران لە مانگی پووشپەڕ، ژمارەیەک وڵاتی ئورووپایی و ئاسیایی هاوردەی نەوتیان لە ئێرانەوە کەم کردەوە و ژمارەیەکیش بە تەواوەتی کڕینی نەوتی ئەو وڵاتەیان راگرت.
بلژیک، کۆماری چێک، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن، هولەند، لەهێستان، ئیسپانیا، بریتانیا، چین، تورکیە، هیند، کورەی باشوور، ئافریقای باشوور، کنیا، یوونان و مالیزی لەو وڵاتانەن کە پابەند بوونی خۆیان بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان سەلماندووه.