کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی ٥ زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ نادیارە

19:17 - 23 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: لە چارەنووسی ٥ زیندانی سیاسیی کورد، کەلە بەندی ١٢ زیندانی ناوەندیی ورمێ راگیراون، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییه.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی کەمپەینی نێودەڵەتیی مافی مرۆڤ لە ئێرانی راگەیاندووه، ٥ زیندانی سیاسیی کورد بەناوەکانی یووسف کاکەمەمی، عەلی ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد تەمۆیی، جەهانگیر بادووزادە و مستەفا عەلی ئەحمەد، رێکەوتی ٢٠ی رەزبەر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ راگوێزراون و لەو کاتەوە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسان نیە.
ئەمە لە حاڵێک دایه کە بنەماڵەی ئەو زیندانییانە چەندین جار سەردانی زیندانی ورمێیان کردووه، بەڵام لێپرسراوانی زیندان لە دانی هەر چەشنە زانیارییەک خۆیان بواردووە.
هاوبەندییەکی یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانە بە بنەماڵەکەیانی گوتووە کە هێزەکانی حەفازەتی زیندان رۆژی شەممە رێکەوتی ١٣ خەزەڵوەر سەردانی بەندی ١٢ زیندانیان کردووە و تێکڕای کەلەپولی تاکەکەسیی ئەو زیندانییانەیان لەگەڵ خۆیان بردووه.
بنەماڵەی یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووه، لە درێژەی چەند ساڵی رابردوودا، ئەمە چەندەمین جارە کە ئەم زیندانییانە بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ تەلەفزیۆن و نووسینی نامەی پەشیمانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات رادەگوێزرێن.
چوار کەس لەم زیندانییانە بەناوەکانی ئەحمەد تەمۆیی، عەلی ئەحمەد سلێمان، مستەفا عەلی ئەحمەد و یووسف کاکەمەمی بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ و مەهابادەوە بەگشتی سزای ٣٧ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوه.
زیندانییەکەی دیکە بەناوی جەهانگیر بادووزادە بە تۆمەتی دژایەتیی خوا و پێغەمبەر، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوه.
لێپرسراوانی زیندان، ئیزنیان بەو ٥ هاووڵاتییه داوە کە چاویان به بنەماڵه‌کانیان بکەوێت بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات پێشگیریی لەو چاوپێکەوتنە کردووە.
لە کاتێکدا ئەم ٥ زیندانییە سیاسییە کوردە بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بۆ بەشی ئەمنیەتیی زیندان بانگهێشت و لێپرسینەوە و هەڕەشەی دوور خستنەوەیان لێ کراوە کە سزاکەیان لەلایەن دادگای ئینقلابەوە یەکلایی کراوەتەوه.
ژمارەیەک لەم زیندانییانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پڕگە (پروندە)ی نوێیان بۆ ساز کراوە و بە شێوەیەک کە مستەفا عەلی ئەحمەد ساڵی ١٣٩٠ بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لەدژی رێژیمی ئێران و مانگرتن لە خواردن، ٦ مانگی دیکە زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.