کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی دژبەر و رێژیمی سووریه بەردەوامە

14:54 - 24 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: شەوی رابردوو لە دیمەشق تێکهەڵچوون لە نێوان دژبەران و ئەرتشی سووریه هاته ئاراوه و لەو پێکدادانانەدا ئەرتشی ئازاد زەبری قورسی لە هێزەکانی رێژیم داوە.


کۆمیتەی هاوئاهەنگیی شۆڕشی سووریه رایگەیاندووە، ئەم تێکهەڵچوونانە کاتێک تووندتر بووەتەوە کە هێزەکانی رێژیمی سووریه هەوڵی وەرگرتنەوە ناوچە لەدەست دراوەکانیان داوە.
لەهەمان کاتیشدا هێزەکانی ئەرتشی سووریه، گەمارۆی کەمپی یەرمووک، کەمپی ئاوارە فەلستینییەکانیان لە دیمەشق داوه.
زۆربەی پەنابەرانی فەلستینی لە کەمپی یەرمووک، پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵکی سووریه دەکەن.
تۆڕی راگەیاندنی شام، سەربە دژبەرانی رێژیمی سووریه، بڵاوی کردۆتەوە، ئەرتشی ئازادی سووریه لە پەلامارێکدا بۆسەر بنکەی هێزەکانی ئەسەد لە ناوچەی ئەلتەزامون و کووی ئەلیەرمووک لە شەوی رابردوودا دەست پێ کردووە و توانیان خەسارێکی قورس و زیانبار بەو هێزانە بگەیەنن.
ئەمە لە حاڵێک دایه کە هێزەکانی رێژیمی سووریه جارێکی دیکە چەندین شوێنی ناوچەی هایلیان لە نێوان سنووری ئیسراییل و سووریه توپباران کردووە.
رۆژی یەکشەممەی رابردووش ئەرتشی ئیسراییل چەندین ناوچەی لە خاکی سووریه لەمەڕ قەرەبوو کردنەوەی خومپارەهاوێژیی ئەرتشی سووریه گوللەباران کرد.
لە دەسپێکی راپەڕینی خەڵکی سووریەوە هەتا ئێستا نزیک بە ٤٠ هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی، هێزەکانی رێژیم و دژبەران و هەروەها ژن و منداڵ، کوژراون.