کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٤ رۆژدا ١٨ کەس لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی رێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون

19:12 - 24 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: رێکەوتی ٢٤‌ی خەزەڵوەر بە لە سێدارەدانی سێ‌ کەسی دیکە لە پارێزگای مەرکەزی، رێژەی ئیعدام کراوەکان لە ئێران لەماوەی نزیک بە سەد کاتژمێری رابردوودا گەیشتە ١٨ کەس.


هەر لەو پێوەندییەدا ١٢ کەسی دیکەش رۆژی سێ‌‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە سێدارە دران.
لەلایەکی دیکەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو هاووڵاتی دیکە لە شارستانی نی‌ریز و ئەردەبیل ئیعدام کراون.
لێپرسراوی گشتیی دەزگای قەزایی شاری ئەردەبیل هەواڵی پەسند کرانی حوکمی ئیعدامی ٤٠ کەسی دیکەی لەو شارە پژڕاست کردۆتەوه.
هەروەها رێکەوتی ٢١‌ی خەزەڵوەریش هاووڵاتییەکی دیکە لە زیندانی ناوەندی ئیسفه‌هان حوکمی ئیعدامەکەی بەڕێوە چووە.
ئەو ئیعدامانە لەحاڵێک دایە کە هەفتەی پێشووش ١١ هاووڵاتیی دیکە لە شیراز لەسێدارە دران.
دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو هاووڵاتییە ئیعدام کراوانەی، کڕین و فرۆشی مادە سڕکەرەکان راگەیاندووە.
ماوەی نزیک بە یەک مانگ پێش ئێستا ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە ئامارێکدا بڵاوی کردبووەوە کەلە ماوەی ٨ مانگدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ئێران ئیعدام کراون و ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەگەری زیاتر بوونی رێژەی ئیعدام کراوەکان لەو ئامارەش زیاتر بێت.