کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیس، ناڕەزایەتیی خۆی لەمەڕ کوژرانی زیندانیان لە ئێران دەربڕی

13:20 - 25 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: ئەحمەد بەخشایشی یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی رێژیم لە مەجلیس، ناڕەزایەتیی لەهەمبەر کوژرانی دەسبەسەر کراوان لە زیندانەکانی ئێران دەربڕیوە.


ناوبراو گوتوویەتی: بۆ دەبێ لە ئێراندا زیندانیان بە کوژراوی بێنە دەرەوە لە حاڵێکدا ساغ و تەندروست دەیانبەنە نێو زیندانەوە.
نوێنەری ئەردستان لە درێژەی قسەکانیدا لە مەجلیسی رێژیم وتوویەتی، پێویستە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە لێپێچینەوە لە بکوژانی زیندانیان بکرێت و پۆلیسیش وەڵامدەر بێت.
سەتار بەهەشتی یەکێک لەو زیندانییانە بوو کەلە زیندانی ئێراندا کوژرا و لەنێو راگەیەنە نێوخۆییەکانی ئێران و دەرەوەی وڵاتیش هەڵا و بەزمێکی زۆری نایەوە و تەنانەت نوێنەرانی مەجلیسیشی ناچار کردووە لە پێوەندییەدا لێدوان بدەن و دەزگا پێوەندیدارەکان روون کردنەوە زێدەتر لەسەر چۆنیەتیی کوژرانی ناوبراو بڵاو بکەنەوە.
سه‌تار بەهەشتی وێبلاگ‌نووس لە رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر ١٣٩١ لەلایەن پۆلیسی فتای رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا دوای چەند رۆژیش هێزە ئەمنیەتییەکان لە رێکەوتی ١٦ خەزەڵوەر لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا هەواڵی مەرگی ناوبراوی بە بنەماڵەکەی راگەیاند.