کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراو هاوشێوەی پێکهاتەیەکی سیاسی ( ئەژین بەهرامی)

13:53 - 25 خەزەڵوەر 2712

و: ئەژین بەهرامی
ژێدەر: کتێبی مدیریت عمومی


بەپێی بەشێک لەو بیروبۆچوون و تیۆریە رێکخراوەییەکان کە بابەتگەلی وەک خۆتێخزاندن، هێز و دەستدێژی دەهێننە بەر باس و رێکخراو وەک پێکهاتەیەکی سیاسی دەناسێنن. دەستەواژەی پێکهاتەی سیاسی لە بابەتی شیکردنەوەوە وەسف کردنی رێکخراودا دەستەواژەیەکی دروست و لەجێی خۆیەتی. لەم دەستەواژەیەدا هەوڵی ئەوە دەدرێ تاکوو ژیانی سیاسی رێکخراوەیی بناسێنرێ و لایەنە نەناسراوەکانیشی بە باشی ئاشکرا بکرێن، رێکخراوەکان لە زۆر روەوە هاوشێوەی حکوومەتەکانن و هەر لەم روەشەوە دەتوانین ئەو رێکخراوانە بە حکوومەتەکان پێک بچوێنین.
رێکخراوەکان هاوشێوەی حکوومەت بۆ ئیدارە کردنی تاکەکان لە شێوازی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرن، بۆ نمونە لە رێکخراوەکاندا بەرێوەبەریەکی سەرەڕۆیانە دەکەوێتە بەرچاو، کە بڕیارەکان لە دەستی یەک تاکە کەسە بەنێو‌ بەرێوەبەر و ئەو بەڕێوەبەرەش سەرچاوەو و دارایی و ئەندامەکانی رێکخراو کونترۆڵ دەکات.
لە رێکخراوێکی تردا لەوانەیە حکوومەت دا‌هێنەر بێ و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بڕیاردەری سەرەکی بن، هەندێک رێکخراویش پەیدا دەبن کە بەڕێوبەرەکانیان لەلایەن ئەندامەکانیانەوە هەڵدەبژێردرێن و بیروبۆچوونی فەرمان بەران بە پلەی جیاواز کاریگەری لەسەر چارەنووس و بڕیارەکانی رێکخراوەیی هەیه.
بابەتگەلی وەک ئامانج، بەرژەوەندی، دەستدرێژی، هێز لە دەستەواژەی سیاسیدا رۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن، رێکخراوەکان و تاکەکانی ناو رێکخراو بەدوای بەرژەوەندی و ئامانجی جیاوازی خۆیانەوەن، ناکۆکی نێوان ئەو بەرژەوەندیانە دەبێتە هۆی دروست بوونی دەسترێژی و تێکهەڵچوون. رێکخراو بە یارمەتی دەسەڵات و هێز یارمەتی ئەوە دەدات کەلە ناکۆکییەکانی بە قازانجی بەرژەوەندیی خۆی کەڵک وەربگرێ و ئەو ناکۆکییانە بە ئاراستەی ئامانجی دیاری کراودا ببات.
بەکار‌هێنانی هێز و دەسەڵات بۆ هێور کردنەوەی بارودۆخی ناهەموار لە رێکخراودا شێوەی سیاسی بوونی ئەو رێکخراوە دەردەخات و رەوایی دەبەخشێ بە دەستەواژەی پێکهاتەی سیاسی رێکخراو.
هێز پێناسە کراوە بە توانایی، مەجبوورکردن، هاندانی تاک بۆ ئەنجامدانی کارێک کە بە ویستی خۆی کارەکە رانەپەڕێنێ، سەرچاوەکانی هێز جۆراوجۆرن کە لەوانە دەتوانین چەند دانەیان بخەینە روو:
ــ دەرەتانی فەرمی
ــ کونترۆڵی سەرچاوەی نایاب
ــ کەڵک وەرگرتن لە یاساو پرۆگرامی رێکخراو
ــ کونترۆڵی زانیارییەکان
ــ کاریگەری و خۆخزاندنە ناو بڕیاراتی رێکخراو
ــ کونترۆڵ کردنی پێوەندییەکانی رێکخراو لەگەڵ ژینگەی دەرەوە
ــ توانایی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هەلومەرجێکی سەپاو بەسەر ژینگە و رێکخراو
ــ خستنە ژێر باڵی ئامرازی تەکنیکی و داهێنەرانە
ــ کونترۆڵ کردن و خۆخزاندنە ناو رێکخراوە نافەرمییەکان
ــ توانایی و کەڵک ورگرتن لە ناوەند و ناوەندە فەرهەنگییەکان
ــ توانایی تێگەیشتنی بارودۆخ و راستییە هەبووەکان
دەرەتانە فەرمییەکان لە سەرچاوە گرینگەکانی هێزی رێکخراوەیین، تاک لە کاتی‌ گەیشتن بە پۆستێکی رێکخراوەیی دەبێتە خاوەنی ئازادییەکی فەرمی کە هێزی پێ دەبەخشێت بۆ جێبەجێ کردنی دەستوراتێک لە رێکخراودا لە رێگای فەرمانبەرانەوە، هەروەها پێشگیری بکات لە هێندێک رەوت و بارودۆخ. لە سەردەمی ئێمەدا هێز هەڵقوڵاوی دەرەتانێکی فەرمی و هێزێکی لەباوە لە نێو جۆرەکانی هێز لە رێکخراودا.
رێکخراو، یان کەسانێک لە دونیادا هەن کە سەرچاوەی نایاب و پێویستیان لەبەر دەست دایە و هەر ئەو خاوەنداریەتییەی سەرچاوەکان و پێویستییەکانە کە هێز و دەسەڵاتی ئەوان دەردەخات. رێکخراوەکان بۆ بەردەوامی ژیانیان و پەرەپیدان بە ئامانجەکانیان، پێویستیان بە سەرچاوەی ماددی و مرۆیی هەیە. ئەم سەرچاوانە کەرەستەی خاو، کاڵا، خزمەتگوزاری، پسپۆڕی لە بواری جۆراوجۆردا دەگرێتەوە کە لەژێر دەستی کەسانێک یان رێکخراوەیەکن کە بەهۆی خاوەنداریەتی ئەو سەرچاوانەوە بە هێز و دەسەڵات گەیشتوون، باقی کەس و رێکخراوەکانی‌تر پێویستیان بە ئەوان هەیە‌. بەشگەلی وەک دارایی، بڕوایی (متمانە) لە رێکخراوە حکوومەتییەکاندا وەکوو ئەو بەشانەی کە ئەرکی دابەش کردنی سەرچاوەیان لەبەردەست دایە هێزێکی تایبەتی لە خۆیان نیشان دەدەن، هەروەها پسپۆڕ و زاناکانی بواری ئەتۆم و زانست بە هۆی نایاب بونیانەوە لە بواری پسپۆڕیەکەیان خاوەنی هێزێکی گەورە و بە هێزن.
یاساو رێساکان لە رێکخراودا بۆ ئاسانکاری بەڕێوەبردنی کارەکان دانراون، بەڵام هێندێک جار بۆ مەبەستی دیکەش کەڵکیان لێ وەردەگیرێت و بەڕێوبەرەکان، یان ئەندامانی رێکخراو بیروبۆچوون و بڕیاری شەخسیی خۆیان بە زۆرەملێ بەسەر رێکخراودا دەسەپێنن.
لە وەها حاڵەتێکدا رێسا و یاساکان خاوەنی هێز و دەسەڵات دەبن، دیارە ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە رێساکان بە فەرمی بەکار بهێنرێن.
سەرچاوەی دەسەڵات هەمان دەرەتانی فەرمییە کە پێشتر باسمان کرد، بەڵام لەم جۆرە حاڵەتانەدا بەشێوەیەکی نافەرمی کەڵک لە رێساکان وەردەگیرێ بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی تاکەکەسی، یان بە رەوایەتێکی زۆر سادە دەتوانین بڵێین کە کەڵکی هەلپەرەستانە لە یاسا وەردەگیرێ بۆ گەیشتن بە هێز و دەسەڵات.
کەسانێک لە رێکخراودا هەن کە هێزی خۆیان لە خۆخزاندنە ناو رێکخراودا بەدەست دەهێنن، ئەو جۆرە کەسانە بەهۆی هەبوونی پسپۆڕی، شارەزایی، زانینی داتاکان، زمانی گفتوگۆ، نزیکی لە دەسەڵاتدارە بڕیاردەرەکانەوە، هێندێک تایبەتمەندیی تاکەکەسی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر بڕیارەکان بەگشتی لەم هێز و دەسەڵاته بۆخۆیان دەستەبەر دەکەن. خاوەنداریەتی داتا و زانیارییەکانی لێرەدا زۆر گرینگە، چونکە رێکخراوەکان بۆ بڕیاردان پێویستیان بە زانیاری و داتای پێویستە بۆ ئەو کەسانەی کە زانیاری و داتاکانیان لەبەر دەست دایە و خاوەنی هێز و دەسەڵاتێکی لە رادەبەدەرن.
کونترۆڵی داتا و زانیارییەکان بە سەرچاوەیەکی گرینگ و سەرەکیی هێز و دەسەڵات هەژمار دەکرێ. بەو شێوەیە لەوانەیە کەسانێک هەبن بەبێ ئەوەێ بۆ خۆیان پسپۆر و زانا بن بەڵام بە کونترۆڵ کردن و لەژێر دەستدا بوونی زانیاری و داتاکانی رێکخراو ببنە خاوەنی هێز و دەسەڵات لە رێکخراودا، یان دەتوانین بڵێین کەسانێک هەن کە بەهۆێ پۆست و شوێنی کارەکەیان لە رێکخراودا بە شێوەیەکی ئوتوماتیکی دەبنە خاوەن هێز.
ئەورۆکە لە بابەتی کارگێڕیدا بابەتگەلی نوێی وەک سنوورەکانی رێکخراو هاتووەتە بەر باس کە ئەرکی بەڕێوەبردنی پێوەندیی نێوان رێکخراوەکان و ژینگەی دەرەوەی رێکخراوی لە ئەستۆ دایە.
لە کارگێریی سنورەکانی رێکخراو پێوەندییە جۆراوجۆرەکانی رێکخراو لەگەڵ ژینگەی دەرەوەی خۆی وەک پێوەندیی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری و فەنی دەکەوێتە بەرچاو و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، لە هەمان کاتدا چۆنیەتیی پێوەندەکان دیاری دەکردرێ، کەسانێک کەلە بەرێوەبردن و دروست بوونی ئەم پێوەندیانەدا هاوکارن و رێکخراو دەبەستنەوە بە ژینگەی دەرەوە، خاوەن هێز و دەسەڵاتێکی تایبەتین، ئەوان زانیاری و شارەزاییەکی زۆریان هەیە لەسەر رێکخراوەکان و ئەو کەسانەی کە هەڵسوورێنەری سەرەکیی رێکخراوەکانن، هەروەها چۆنایەتیی دروست کردنی پێوەندی و خۆخزاندنە نێو رێکخراوەکانیانەوە بە باشی دەزانن و هەر ئەم زانیارییانەش هێز و دەسەڵاتیان پێ دەبەخشێ.
هەر وەک چۆن لە بەشەکانی پێشەوە باسمان کرد، رێکخراوەکان وەکوو سیستەمێک پێویستە لەگەڵ سیستەمەکانی‌تر پێوەندییان هەبێت و ئەو کەسانەش کە ئیدارەی ئەو پێوەندییانە دەکەن و بەڕێوەی دەبەن بە دڵنیایى‌یەوە کەسانی خاوەن دەسەڵات و بەهێزن، لەوانەیە ئەو کەسانە بەرێوەبەر بن، یان فرۆشیار، یان لە پێوەندییە گشتییەکاندا کار بکەن. سەرچاوەی دیکەش بۆ دەسەڵات هەیە بۆ نموونە ئەو هێزەی کە تاک یان رێکخراو بەدەستی دەهێنن لە ئەنجامی ئەو متمانەیەی کە رێکخراو پێی بەخشیوە، یان ئەو هێزە وەرگیراو بێ لە ئەنجامی خاوەنداریەتی داهێنان و کەرەستەی تەکنیکی و پیشەسازییەکان.
ئەو هێزەش کە لە ئەنجامی کونترۆڵ کردن و لەژێر دەستدا بوونی رێکخراوە نافەرمییەکان بەدەست دێ لەجێی خۆیدا گرنیگی و تایبەتیی خۆی هەیە. کەسانێک لە رێکخراودا هەن کە زانیاریی تەواویان هەیە لەسەر ئەو بەش و ناوەندە نافەرمی و شاراوانەی کەلە نێو رێکخراودا هەن، ئەو کەسانەش بە‌هۆی هەستیار بوونی زانیارییەکانیانەوە دەبنە خاوەنی هێز و دەسەڵات. کونترۆڵی رێکخراوە جیاوازەکان و پێوەندی گرتن لەگەڵیان دەتوانێ هێز و دەسەڵاتێک ببەخشی بەوکەسانەی ئە کارە دەکەن.
بەڕێوەبەر و سەرپەرستیی سەرکەوتوو بەو کەسانە دەڵێن کە داب و نەریت و بایەخی فەرمانبەران و موشتەرییەکان بە باشی شارەزا بن و لەگەڵ رێزدانان بۆیان کار و کردەوە و هەڵسوکەوتی خۆیان لەگەڵیان بگونجێنن.
کەڵک وەرگرتن لە ناوەندە فەرهەنگییەکان لەکاتی بانگەشە کردنەکاندا، ئاهەنگە رێکخراوەییەکان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ ببێتە خاڵێکی بەهێز بۆ دەرخستنی دەسەڵات و توانایان.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە هەمو ئەو لایەنانەی کە وەک سەرچاوەکانی هێز باسمان لێوە کردن، هەریەکەیان لە کات و ساتی جیاوازدا شوێندانەری تایبەتیی خۆیان هەیە.
یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکان هێز، زانین، تێگەیشتنی واقیعی (کەتواری)، هەلومەرج وەکوو بارودۆخێک دەبینێ کە هێز و توانا بە بەڕێوبەر دەبەخشێ و بەهرەمەندی دەکا بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەکانی دیکه.
لە دەستەواژەی سیاسی رێکخراودا ناتەبایی بابەتێکی زۆر گرینگە و پێویستە بەرێوەبەر ئەوە بزانێ کە چارەسەری ناتەباییەکان کەلە ئەنجامی راوبۆچوونی جیاوازی فەرمانبەران و سەرپەرشتیاران و موشتەریەکانەوە دروست بووە.
یەکێک لە ئەرکە گرینگەکان بۆ ئاراستەدار کردنی ناتەباییەکان پێشنیار کردنی رێکاری جیاوازە کە لێرەدا یەکێک لەو پێشنیارانە شی دەکەینەوە.
لەم شی کردنەوەیەدا بەرێوبەر دەتوانێ دوو بنەما و پێنج شێوازی تایبەت بگرێتە بەر کە ئەو دوو بنەمایەش بریتین لە:

١ ــ گرینگیی داد بە بۆچوونی گرووپی رەخنەگر

٢ ــ پێداگری لەسەر بۆچوونەکانی خۆی
کاتێک کە بەرێوبەر نە گرینگی بە بۆچوونەکانی تاکی رەخنەگر دەدا و نە پێداگری لەسەر بۆچوونەکانی خۆی دەکا، دەکەوێتە نێو حاڵەتێکی بێ هەڵوێستی و خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و گرنیگی بە ناتەباییەکان نادات.
لەو کاتانەدا کە بەرێوبەر دەیهەوێ ناتەبایی ببێتە کردارێکی گرینگی پێ نەدراو، ناڕەزایەتییەکانی فەرمانبەران پشتگوێ بخرێ ئەم شێوازە بەکار دەهێنێ. لە رێ و زێی سازشکارانەدا بەڕێوبەر لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشێ و هەوڵ دەدات بە بەخشین و وەرگرتنی برێک ئیمتیاز مەسەلەکە کۆتایی پێ بهێنێت.
ئەم رێ و زێیە کاتێک ئەنجام دەدرێ کە لایەنی بەرامبەر هەمان هێز و دەسەڵاتی ئێمەی هەبێ، یان تووشی حاڵەتێکی زۆر گرێدراو تێکەڵ پێکەڵ بووین و لە مەسەلەیەکدا و بەدوای رێگە چارەیەکدا دەگەڕێین کە بە زووترین کات دەربازمان بکات لەو حاڵەتە. ئەم رێگە چارەیەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر گونجاوە. لە رێ و زێی سازشکارانەدا بەڕێوبەر تەسلیمی گرووپی ناڕازی، یان (لایەنی بەرامبەر) دەبێت. ئەمەش‌ کاتێک بایەخدار دەبێت کە بەڕێوبەر بۆی دەرکەوێت بۆچوونەکەی ئەو راست نەبووە، یان بیهەوێت لە بابەتی مەسەلەی دواتردا ئیمتیازێک لە لایەنی بەرانبەر وەربگرێت، یاخود کاتێک کە یەکڕیزی و پێکەوە بوون بۆ رێکخراو پێویستییەکی حەیاتی بێت.
رێ و زێی ناسازشکاری، یان کێبڕکێ، بارودۆخێک پێک دێنێت کە لایەنی براوە و دۆڕاو دروست دەبێ و بەڕێوبەر کەڵک لە هێزی خۆی وەردەگرێ بۆ سەرکوت کردنی لایەنی بەرانبەر.
ئەم رێ و زێیە لە کاتە زەروورییەکاندا، یان بۆ چەسپاندنی پێوانەگەلێک کە بە دڵی تاکەکان نییە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی رێکخراو ئەمریکی زەرووریە بەکار دەهێنرێت، یان بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کەڵکی نابەجێ لەو دەسەڵات و هێزە وەردەگرن کە رێکخراو پێی بەخشیون و بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاری دەهێنن.
رێ و زێی هاوکاری کردن رادەی تێگەیشتن و پێگەیشتنی رێکخراو دەردەخات و بەڕێوبەر و لایەنی بەرانبەر هێزەکانیان لە یەک ئاراستەدا دەخەنە روو بۆ ئەوەی بە رێگەچارەی گونجاو بگەن و هەوڵ دەدەن بەدوای رێگە چارە گەلێکدا بگەڕێن کە هەردوو لایەن لێی سوودمەند بن. ئەم رێ و زێیە کاتێک دەگیرێتە بەر کە ئەگەر بمانەوێ رۆحی هاوکاری و پێکەوە بوون بە رێکخراو ببەخشین، کەڵک وەربگرین لە بە بۆچوونە جیاوازەکانیانەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی رێکخراو. ئەو ئەزمونانە کە بە دەستمان هێناوە بیبەخشین بە هاوکارەکانمان و بە رێگە چارەی وێکخراو بگەین.
لە دەستەواژەی سیاسیدا رێکخراومان بە شێوەی نیزامی هێنایە پێش چاو کە هێزی جیاواز تێیدا لە بەرانبەر یەکتر راوەستاوە، هەروەها لایەنێکی‌ترمان لە رێکخراو خستە روو کە چەند روویەکی جیاوازی لە دانووستان و هێز و دەسەڵات پیشان داین.