کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ نزیک بە ٤٠٠ سەر مەڕی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستیان بەسەر دا گیراوە

18:58 - 25 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان دەستیان بەسەر ٣٩٥ سەر مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتییاندا گرتووه.


ئەو دەست بەسەر داگرتنانە لەحاڵێک دایە کە هێزە ئینتزامییەکان بەبێ‌ هیچ هۆکارێکی روون ئەو هەوڵانەیان ئەنجام داوە و سەرەڕای بەداودا چوونی خاوەن ئاژەڵەکان لەمەڕ وەرگرتنەوەی ئاژەڵەکانیان، ناوەندە پێوەندیدارەکان هیچ وڵامێکیان پێ‌ نەداونەتەوه.
رێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، هێزی ئینتزامیی پاسگای ژاڵانە لە گوندی دەرەکێی ناوچەی هەورامانی تەخت سەربە شاری سەوڵاوا، دەستی بەسەر ٤٠ سەر مەڕ و ماڵاتی ونبووی دوو هاوڵاتیدا گرت.
سەردان و بەدواداچوونی خاوەن ئاژەڵ و ریش سپییەکانی ئاوایی گوندی دەرەکێ، لەپێوەندیی وەرگرتنەوەی ئەو مەڕ و ماڵاتانە، بۆ پاسگای ژاڵانە، بێ‌ ئەنجام بوو.
دواتر دەرکەوت کە هێزەکانی رێژیم ئەو ٤٠ سەر مەڕەیان لە کوشتارگەکاندا سەر بڕیوە و بەسەر پاسگا نیزامییەکانی ناوچەی هەوراماندا دابەشیان کردووه.
ئاوایی نێ‌ی سەر بە شاری مەریوانیش لە دیاردەی مەڕ دزین بێبەری نەبووە


هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوان بە هاوکاریی هێزی ئینتزامی و پاسگا ناوچەییەکان، رێکەوتی ١٧‌ی خەزەڵوەر چوونەتە ئاوایی نێ‌ی و دەستیان بەسەر ١١٥ سەر مەڕی هاووڵاتییانی ئەو ئاواییەدا گرتووە.
بەوتەی شایەتحاڵان ئەو هێزانە بە سێ‌ ماشین چوونەتە ئەو گوندە و بیانووی قاچاخ دەستیان داوەتە ئەو دیاردە دزێوە.
ئەو هەوڵەی ناوەندە نیزامییەکانی رێژیم ترس و دڵەراوکێی خستۆتە ناو دڵی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە و لەحاڵی حازردا خاوەن ئاژەڵەکان بە ترسەوە مەڕ و ماڵاتەکانیان رەوانەی لەوەڕگەکان دەکەن.
دانیشتوویەکەی تەمەن ٤٥ ساڵەی گوندی نێ‌، بە ترس و پەرۆشەوە رایگەیاند، ئەو هێزانە کاتێک روو دەکەنە ئاواییەکان، وێڕای بێ‌ حورمەتی کردن بە ئێمە، بژیوی ژیانیشمان کە ئەو ئاژەڵانەیە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: ئێمە تەنانەت ناوێرین روو بکەیەنە کاری سەر سنووریش چونکە زۆر بێ بەزەیانە دەماندەنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی چەکەکانیان.
هاوچەشنی دیاردەی نێی لە نزیک ئاوایی دزڵی رووی دایەوە


هەر لەو پێوەندییەدا و لە دوایین دیاردەی دەست بە سەر مەڕ و ماڵاتدا گرتن، هێزە ئینتزامییەکانی ئیسلامی ئێران چەند رۆژ لەمەوبەر لە نزیک سنووری مەریوان ــ هەرێمی کوردستان، دەستیان بەسەر ٢٤٠ سەر مەڕ و ماڵاتدا گرت.
هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە چیای رەنگین نزیک گوندی دزڵی هەڵکەوتوو لە خاڵی سنووری مەریوان ــ هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر ئەو ٢٤٠ سەر مەڕەدا گرتووە.