کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریندار بوونی ژنێکی خەڵکی ناوچەی سەردەشت بەهۆی هێرشی هێزەکانی رێژیم

20:29 - 25 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: هێزە چەکدارەکانی رێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر گوندی هەرزنێی ناوچەی سەردەشت و ئەزیەت و ئازاری خەڵکی ئەو گوندەیان داوە و لە ئاکامیشدا ژنێکیان بریندار کردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە تاریکە شەو و لەکاتی باران بارین و نالەبار بوونی کەش و هەوادا رژاونەتە نێو گوندی هەرزنێ و پیر و لاو و ژنی ئەو گوندیان لە نێو ماڵەکەیان هێناوەتە دەر و بێ‌حورمەتییان پێ کردوون.
بەوتەی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەم گوندە، بەهۆی گوشاری هێزەکانی رێژیم، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکاندا رووی داوە و لە ئاکامدا ژنێکی ئەو گوندە بریندار بووە.
هەروەها لە گوندی هەرزنێدا هێزەکانی رێژیم بە بیانووی هەڵگرتنی بار و کەلوپەلی قاچاخ، پێش بە خەڵک دەگرن و ترس و دڵەڕاوکێیان خستووە نێو هاووڵاتییانی ئەو گوندەوە.
هەتا ئێستا هۆکاری ئەم ئازار دانانەی خەڵک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە ئاشکرا نەبووە.