کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندێکی مافی مرۆڤ لە سووریە ژومارەی کوژراوانی نائارامییەکانی ٣٧ هەزار کەس راگەیاند

13:15 - 27 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: ناوەندی تۆمار کردنی توندوتیژییەکان ژومارەی کوژراوانی گرژی و نائارامییەکانی وڵاتی سووریەی لەسەرەتاوە هەتا ئێستا ٣٧ هەزار کەس راگەیاند.


ئەو ناوەندە لە درێژەی ئەو ئامارەدا بڵاوی کردۆتەوە، بەشێکی بەرچاو لەو کوژراوانە خەڵکی شارەکانی حومس و دیمەشق لە سووریەن.
لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە نزیک بە ٧ هەزار کەس لە شاری حومس و شەش هەزار و ٧٥٠ کەسیش لە شاری دیمەشق گیانیان لەدەست داوە.
ئەو ناوەندە وێڕای ئاماژە بە کوژراوانی هێزە نیزامییەکانی سووریە رایگەیاندووە، نزیک بە سێ‌ هەزار کەس لەو هێزانە لە سەرەتای شەڕەوە هەتا ئێستا کوژراون.
هەر لەو پێوەندییەدا کاناڵی CNN بڵاوی کردەوە، هاوکات لەگەڵ توندتر بوونەوەی توندوتیژییەکانی ئەو وڵاته، رووسیە رەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ بەفەرمی ناسینی بەرەی نوێ‌ یەکگرتووی ئوپۆزیسیۆنی سووریە گرتووە.
هەر دوو حکوومەتی ئەمریکا و فەرانسه، پشتیوانیی خۆیان لەبەرەی یەکگرتووی ئوپۆزیسیۆنی سووریە کەلە ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەرتشی ئازادی ئەو وڵاتە پێکهاتووە، دەربڕیوە.
سەرکۆماری فەرانسە وێڕای لەقەڵەم دانی ئەو بەرەیە وەکوو نوێنەری راستەقینەی خەڵکی سووریە وتی: لەکاتی پێویستدا ئێمە پشتیوانی نیزامیش لەو بەرەیە دەکەین.
هەر لەو پێوەندییەدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەو بەرەیە دەتوانێ‌ رەوتی رووخانی رێژیمی سووریە خێراتر بکات و ئەو وڵاتە بەرەو دێمۆکراسی ببات.