کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢٦ مامۆستای کورد لە سنە دادگایی دەکرێن

13:18 - 27 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: ١٢٦ مامۆستای کورد لەسەر سکاڵا و داخوازیی ئیدارەی پەروەردە و فێر کردنی شاری سنە، دادگایی دەکرێن.


ئاژانسی کوردپا بلاوی کردەوە، دەزگای قەزایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە لە رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی، ١٢٦ مامۆستای کورد دادگایی دەکات.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە، بەڕێوەچوونی ئەم دادگایە لەسەر داخوازیی و سکاڵای ئیدارەی پەروەردەی شاری سنە ئەنجام دەدرێت و تۆمەتی ئەم مامۆستایانە بەشداری لە رێوڕەسمی ساڵـڕۆژی لە سێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر و ئامادە نەبوون لەسەر پۆلەکانیان، لەلایەن دەزگای قەزایی رێژیمی ئێرانەوە راگەیەنراوە.
فەرزاد کەمانگەر مامۆستای قوتابخانەکانی شاری کامیاران لە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی لەگەڵ ٤ چالاکی سیاسیی دیکە لە زیندانی ئەوین لە سێدارە دران کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەریی کوردستانی لێکەوتەوە.
پێشتریش ٩ ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سینفیی ماموستایانی پارێزگای سنە بەناوەکانی محەممەد سەدیق سادقی، پەیمان نەودینیان، عەلی قورەیشی، کەماڵ فەکووریان، مستەفا سەربازان، پەرویز ناسحی، عیزەت نوسرەتی، بەهائەدین مەلەکی و رامین زەندنیا، لە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادگای سنەوە بانگهێشت کرابوون.
ئەم سەرچاوەیە ئەمەشی خستۆتە روو کە پێشتر دوو مامۆستای خەڵکی سنە بەناوەکانی پەیمان نەودینیان بە سێ ساڵ دوور خستنەوە بۆ پارێزگای زەنجان و چەند مانگ دابڕان لە وانه ‌وتنەوە و موختار ئەسەدی بە دوو ساڵ دوور خرانەوە و ٦ مانگ دابڕان لە وانە وتنەوە، سزا دران.