کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی هاوبەشی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە لە وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو

12:48 - 28 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: سەبارەت بە رێککەوتننامەی حیزب و کۆمەڵە و نێوەڕۆکی ئەو رێککەوتننامەیه لە دانمارک سمینارێک بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی لە لایەن فێدراسیۆنی کۆمەلە کوردییەکانی دانمارک و کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کورستانی ئێران ــ شیلەند، سمینارێکی هاوبەش بۆ هەردوو بەڕێز عەبدولا ئازەربار ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و دوکتور سەعید سوڵتانپوور نوێنەری حیزب لە دانمارک بۆ بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی دەڤەری کۆپێنهاگ، لەسەر رێککەوتنی نێوان هەردوو حیزب بەڕێوەچوو.
پاش خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، باس و بابەتەکانی سمینار لەلایەن بەڕێز دیار مەولایییەوە ناسێنرا.
لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارەدا ڤیدیۆی دەقی رێککەوتننامەکە بڵاو کرایەوە.

ئازەربار یەکێک لە کۆڕگێڕانی سمینارەکە باسێکی لەسەر هاوکارییەکانی نێوان حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە پێشکەش کرد و وتی: بێجگە لە سەردەمێکی کورت کە بەداخەوە رووداوی تاڵ و پڕ کارەساتمان پێكەوە هەبووە، باقی سەردەمەکانی‌تر هاوکاری لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا هەبووە و نموونەی هەرە بەرچاویشی پێکهێنانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد بە هاوبەشیی هەردوو حیزب بوو بۆ دانووستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە سەرەتاکانی راپەڕینی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩ بە مەبەستی چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران.
پاشان دوکتور سوڵتان‌پوور باسی رێککەوتننامەکە و هەڵوێستی توندی بەشێک لە ئێرانییەکانی کرد و هەر لەو پێوەندییەدا باس و رەخنە و بۆچوونی بەشێک لە رێکخراوە کوردییەکانیشی کرد، چ بە هاوڕا، چ ئەوانەی دژایەتیی رێککەوتننامەیان کردووە. هەروەها ناوبراو وتیشی: ئوپۆزیسیۆنی سەرانسەری لەهەمبەر مافی نەتەوایەتی و فیدراڵیزم هەڵویستی جیاواز لە ئێمەیان هەیە.
دواتر چەندین باس و بابەت لەلایەن بەشدارانی سمینارەوە وەوژێنرا کە لەلایەن کۆڕگێڕانەوە وەڵامی پێویستیان درایەوە.