کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک مانگدا رێژیمی ئێران دوو جار سنووری هەرێمی کوردستانی بەمەبەستی کوشتنی کۆڵبەران بەزاندووە

14:01 - 28 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: هێزە نیزامییەکانی ئێران سەرەڕای کوشتنی بەردەوامی کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران، لە حاڵی حازردا بۆ چەندین جار سنووری هەرێمی کوردستانیشی بەمەبەستی ئازار و ئەزیەتیی کۆڵبەران بەزاندووە.


کوشتنی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بۆتە شتێکی ئاسایی و رۆژمەڕە، ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمەوە تەقەیان لێ‌ دەکرێ‌ و لەو پێوەندییەدا هیچ لایەنێکیش وڵامدەر نییە.
کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان بە کەسێک دەوترێ‌ کە بەمەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیان و هەڵاتن لە چنگ بێکاری و هەڵگرتنی بارێکی قورس کە زۆر جار لە کێشی خۆشی زیاترە، دەست دەداتە ئەو پیشەیە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و پشت بەستن بە سایتی خەندان، هێزە نیزامییەکان لە داویین هەوڵیاندا نزیک بە ٥ کیلۆمیتر هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و کەلوپەلی کاسبکار و کۆڵبەرانیان سووتاندووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتە روو، ئەو سنوور بەزاندنە ناوچەکانی دەشتی خوار و دۆڵی گوێزی لە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە.
ماوەیەک لەمەوبەریش هێزە نیزامییەکان لە ناوچەیئاوەزنێی سەر بە بەخشی نەوسوود، بە درێژایی ٥ کیلۆمیتر سنووری هەرێمی کوردستانیان بەزاندبوو و تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارنی ئەو ناوچەیە کردبوو.
کۆڵبەری پیشەی دڵخوازی هاووڵاتییان نییە و ئەوان بەناچاری روویان لەو کارە کردووە و هۆکارەکانی پەرە پێنەدان بە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و راگرتنیان لە فەقری ئابووری ــ فەرهەنگیدا بۆتە هۆی ئەوە کە دیاردەیەک بە ناوی کۆڵبەری لەو ناوچانە سەر هەڵبدات.