کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین کۆنفرانسی \"یەکیەتی بۆ دێمۆکراسی لە ئێران\" لە شاری پراگ دەستی پێکرد

19:15 - 28 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: بە بەشداری زیاتر لە ١٢٠ کەس لە نوێنەرانی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران کۆنفرانسی یەکیەتی بۆ دێمۆکراسی لە ئێران لە شاری پراگ لەسەر کۆمەلێک باس، یەک لەوان پرسی نەتەوەیی دەستی پێکرد.


ئەو دانیشتنە دوو رۆژ دەخایەنێ‌ و هێندێ‌ باسی وەکوو ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ئێران و تێپەڕ بوون بەرەو دێمۆکراسی، پرسی نەتەوەیی، هەڵبژاردنی ئازاد و یەکیەتیی هێزەکانی ئوپۆزیسیۆن و کەند و کۆسپەکانی سەر رێگای ژنان تاوتوێ‌ دەکرێن.
لەو دانیشتنەدا کەسانێکی وەکوو حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و عەلی‌ڕەزا نووری‌زادە و موحسین سازگارا و چەندین کەسایەتیی دیکە بەشدارن.
حەسەن شەرەفی لەو دانیشتنەدا باسی لە جەوهری دێمۆکراسی کردووە و لەو باوەڕەدا بووە، کاتێک باس لە دێمۆکراسی دەکەین پێویستە باوەڕێکی تەواویشمان بە ناوەرۆکی دێمۆکراسی هەبێت و هەروەها وتوویەتی، ئێمە ناتوانین باس لە دێمۆکراسی بکەین بەڵام باوەڕمان بە مەسەڵەی نەتەوەیی نەبێت و قبووڵمان نەبێت.
شەرەفی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا پڕژاوەتە سەر پرسی نەتەوەیی و ئەوەشی خستۆتە روو، کاتێک باس لە مەسەڵەی تەتەوەیی دەکرێ‌ زۆر لایەن هەن کە دژکردەوە لە خۆیان نیشان دەدەن و باسی پارچە پارچە کردنی وڵات دێننە گۆڕێ‌.
شەرەفی لەو باوەڕە دایە، ئەو بیر و بۆچوونە تەسکانە هیچ یارمەتییه‌ک بە داهاتووی ئێران ناکات و پێویستە هەموو کەسێک ئەوە بزانێ‌ کە کورد وەک نەتەوەیەک تەنیا مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی خۆی دەوێت‌.
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدوڵڵا موهەتەدی باسی لە پرسی نەتەوەیی کردووە و وتوویەتی ئەو پرسە لە ئێران خراوەتە پەراوێزە و پێویستە بۆ ئەو پرسە رێگاچارەیەکی دێمۆکراتیک بگرینە بەر.
موهتەدی وتیشی: یاسای بنەڕەتیی ئێران بە شێوەی بەرنامە داڕێژراو پرسی زمان و فەرهەنگی نەتەوە و قەومەکانی پێشێڵ کردووە و دێمۆکراسی باشترین رێگا چارە بۆ چەسپاندنی ئەو مافانەیە.
کۆنفرانسی یەکەم و دووهەمی یەکیەتیی بۆ دێمۆکراسی لە ئێران لە ستوکهوڵم و برۆکسێل بەڕێوە چووبوو.