کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ئیسراییل و حەماس لە کەرتی غەزە پێی نایە ٥ م رۆژەوە

19:17 - 28 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی کوژراو و بریندارانی لایەنی فەلەستینی لەهەر هێرشێکی ئیسراییل‌دا بە خێرایی روو له زیاد بوون دەکات.


رادیۆ فەردا بڵاوی کردەوە، لە پێنجەمین رۆژی تێکهەڵچوونی توندی نێوان ئیسراییل و حەماسدا، بە هاویشتنی دەیان راکێت بۆ شارەکانی ئیسراییل و هێرشی بەربڵاوی ئاسمانیی ئیسراییل بۆ سەر غەزە دەستی پێ کردووە و هەتا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی گەیشتووەتە ٥٤ کەس و نزیکەی ٥٠٠ کەسیش بریندارن.
راکێتێک کە سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە بۆ ئیسراییل هاوێژراوە، ناوچەیکی قەرەباڵغی ناوشاری تێلاڤیڤی کردۆتە ئامانج، بەڵام سیستمی دژە مووشەکیی ئیسراییل تێکی شکاندووە.
ئەمە چوارەمین جارە هێرشی حەماس بۆسەر ناوەندی شاری تێلاڤیڤ بە ناکامی دەمێنێتەوە.
یەکەمین هێرش بۆ سەر شاری تێلاڤیڤ شەوی پێنج‌شەممە بە راکێتی ئێرانیی فەجری ــ ٥ بوو کەلە ئاوەکانی دەریای مەدیتەرانەدا نوقم بوو و هێرشی دووهەمیش ئێوارەی رۆژی هەینی بوو کە لە دەوروبەری تلاڤیڤ راکێتەکە کەوتە خوارەوە.
هێزی ئاسمانیی ئیسراییل رایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی، سەکۆی هاویشتنی راکیتە دوورهاویژەکانی حەماسی لە غەزە دەست نیشان کردووە و پاشان لە ناویان بردوون.
لە کۆی ئەو ٩٠٠ راکێتە کەلە غەزەوە بەرەو ئیسراییل هاوێژراون، ٣.٥%یان وەبەر خاکی ئیسراییل کەوتوون و ئەو رێژەیەش لە شوێنە چۆڵەکان داکەوتوون.
٣ کەس هەتا ئێستا لە لایەنی ئیسراییلی کوژراون و ژمارەیەکی کەمیش بریندار بوون. ئیسراییل ئەم بەرگرییە بە ئەنجامی گرتنەبەری رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنیەتیی باش و بەهێز لەلایەن وڵاتەکەیەوە لەقەڵەم دەدات.
هەتا ئێستا ٥٤ کەس لەلایەنی فەلەستینی کوژراون و نتانیاهۆ رایگەیاندووە کە هێرشەکانی جیدیتر بۆ سەر غەزە ئەنجام دەدات.
لە هەمان کاتیشدا یەکیەتیی عەرەب و ژمارەیەک وەزیری دەرەوەی وڵاتانی ئەو یەکیەتییە، هەوڵەکانی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی حەماس و ئیسراییل خستۆتە گەڕ.