کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی کۆتاڵ (پارچه) له ئیلام داخرا

15:13 - 29 خەزەڵوەر 2712

کوردستان میدیا: کارگەی زرجین بافتی بەرهەمهێنانی کۆتاڵ له ئیلام بەهۆی کێشەی ماڵی داخرا و لە ئەنجامدا ١٤٠ کەس لە کرێکارانی ئەو کارگەیە بێکار بوون.


عەلی غەیاسی لێپرسراوی خانە کارگر لە ئیلام رایگەیاند، ئەو کرێکارانە لە یەک هەتا ١٨ ساڵ پێشینەی کاریان لەو کارگەیەدا هەبووە.
چوونە سەری نرخی کەلوپەلە سەرەتاییەکان، نەبوونی بوودجەی پێویست و نەفرۆشرانی بەرهەمەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی داخرانی ئەو کارگەیە دێنە ئەژمار.
هەر لەو پێوەندییەدا سایتی دیگر بان لە زاری جێگری کومیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی رێژیمەوە بڵاوی کردەوە، نزیک بە ٦٠ هەتا ٧٠%ی کارگە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێران لە بەرەبەری داخستن دان و بەشێکی بەرچاویش لەو رێژەیە داخراون.
ئەو لێپرسراوە وتی ئەو کارگەیانە زیاتر لە پارێزگاکانی ورمێ‌، تاران، ئازەربایجانی رۆژهەڵات و فارس دان.
رووحوڵڵا بەیگی لەو باوەڕە دایە سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەتی رێژیمی ئێران لە بواری ئابووری دا، وای کردووە کە زۆربەی ئەو کارگەیانە دابخرێن.
هەنووکە بەشێکی بەرچاو لە کارگە بەرهەمهێنەرەکان لەبەرەبەری داخران دان و شیمانەی ئەوە دەکرێ‌ رێژەی بێکاران لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە زیاد بوون بکات.